Erbil 29°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 16:28

سبەی لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک خۆیان بۆ هەڵبژاردن یەکلا دەکەنەوە

بڕیارە سبەی لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک کۆببنەوە
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکوک _گەرمیان گوتی، بڕیارە سبەی لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک لە قەرەھەنجیر کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەبارەی بەشداریکردنی کورد بە یەک لیست لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا ئەنجام بدەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەریی کردووە، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم نەفەوتێت، ھەموو لایەنە کوردییەکان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بە یەک لیست بەشداری بکەن.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرکوک _گەرمیان، عەدنان کەرکوکی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک، بە پارتیشەوە، لە قەرەھەنجیر کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و تێیدا بڕیار لەبارەی بەشداریکردنی ھەموو لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بدەن."

عەدنان کەرکووکی  گوتی: "کۆبوونەوەی سبەی یەکلاکەرەوە دەبێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان مەبدەئیەن ڕازییە بەوەی کە ھەموو لایەنە کوردییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە یەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بکەن، چونکە ئەمە لە قازانجی ھەموو کوردە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئەوانەی دیکەش بەوە ڕازین، یان نا."

کەرکووکی گوتیشی: "ئەو ڕێککەوتنەی کە دەکرێت بەشداریکردنی کورد دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا بە یەک لیست لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، نەک تەنھا لە کەرکووک."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.