Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 03:22

هۆزە عەرەبییەکانی نەینەوا داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن  

داوا له‌ عه‌بادى دەكەن مووسڵ بۆ خەڵكەكەی جێبێڵێت
کوردستان TV
100%


شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخەی ناوچەكانی عەرەبی سوننە لە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت و بوونی ژمارەیەكی زۆری میلیشیا شیعەكان لەو ناوچانە و بەردەوامیی سیاسەتەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كڕینی ئەستۆی بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننەی سەر بە ئێران بە مەبەستی جێبەجێكرنی پڕۆژەكانی لە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی سوننە و سەپاندنی گۆڕینی دیمۆگرافی و راگواستنی دانیشتوانی رەسەنی ناوچەكە بەپاساوی داعش لەلایەك و لە رێگەی میلیشیاكانی شیعەوە لەلایەكی ترەوە. هەروەها بەو هۆیەی تا ئێستەیش زۆرینەی سوننە ئاوارەن دوای ئەوەی ئێران و داعش و دارودەستەیان شارەكانی سوننەیان وێران كرد، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكەین.  

زیاتر گوتی، وەك هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی گشتی لە عێراق تا دوای ئاساییبونەوەی ناوچەكانیان و وەدەرنانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لێیانەوە، چونكە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو دۆخەی ئێستە شەرعی نییە و ئێران و حكوومەتی عێراق سوننە ناچار دەكەن بۆ دەنگدان بۆ لیستە تایفییەكانیان لەوانەیش لیشتەكانی سەر بە میلیشیاكانی سەر بەئێران.

بەپێی بەیاننامەكە ئەو هەڵوێستەیان بەتایبەتی دوای ئەوەوە هاتووە، كە عەبادی ژمارەیەك پارتی سوننەی لە مووسڵ دامەزراندووە بۆ دەستوەردان تیایدا و كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانیان و بواردان بەو پەرلەمانتارانەی سوننە كە پێشتر بەرگریان لە داعش دەكرد و لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن سەركردە بوون، بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنەكان.

لە كۆتاییشدا گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا رایگەیاند، كە پەیاممان بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەیە، كە پێویستە سەربەخۆ بێت لەو ململانێیانەی هەیە و بەرپرسیارانە رەفتار بكات و داواشی لێ دەكەین، كە مووسڵ بۆ خەڵكەكەی جێبێڵێت ئەوان خۆیان بڕیار بدەن نوێنەرانی خۆیان دیاری بكەن. 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.