بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازیی لە زەینەب ئالیئافا، بەرپرسی سیاسیی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە كوەیت و عێراق و شاندی یاوەری كرد.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ناوی سەركردایەتیی پارتی دیموكرات و گەلی كوردستانەوە سوپاسی گەل و حكوومەتی كەنەدای كرد بۆ ئەو هاوكاری و پاڵپشتییەی كە لە ماوەی رابردوودا پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بە تایبەتی هاوكاریی سەربازی لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش.
بەرپرسی پەیوەندییەكان، بە وردی باسی لە ڕووداوەكانی چەند مانگی ڕابردووی بۆ شاندی میوان كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە، گەلی كوردستان لە ئەنجامی پاپەندنەبوونی حكوومەتی فیدراڵ بە دەستووری هەمیشەیی و پێشێلكردنی، بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەی ریفرانۆمی دا، ڕیفراندۆمیش مافی هەموو نەتەوە و گەلێكە كە ئاشتیانە دەنگی خۆی بە جیهان و دەستەڵاتداران بگەیێنێت، بێگومان گەلی كوردستانیش لە پرۆسەیەكی دیموكراسیانەدا بڕیاری لە چارەنووس و داهاتوی خۆی دا، بەڵام بە داخەوە حكوومەتی عێراق وەڵامی گەلی كوردستانی بە هێزی سەربازی و پاڵپشتیی دەرەكی دایەوە و جیهانیش لە بەرانبەر ئەم پێشێلكارییەدا بێدەنگ بوو، ئێستایش حكوومەتی بەناو فیدراڵ سزای گەلی كوردستان دەدات، تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە تایبەتی لە خورماتوو كە هێزێكی نانیشتیمانی دروست كراوە و هەموو پێداویستییەكی دارایی و سەربازیی بۆ دابین كراوە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، ئەمەیش پێشێلكارییەكی دیكەیە.
سیوەیلی، هەروەها داوای لە جیهانی ئازاد كرد هەڵوێست وەربگرن لە بەرانبەر ئەم كارە نادەستووری و پێشێلكاریانەدا كە بوونەتە مایەی نەهامەتی بۆ گەلانی عێراق و، بەردەوامبوونی حكوومەتی عێراقیش بەم جۆرە، ناوچەكە بەرەو گرفتێكی درێژخایەن و نەهامەتیی زیاتر دەبات.
لە درێژەی ئەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پارتە سیاسییەكان و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، كە ئەویش ئەنجامی پێشێلكارییەكانی دەستووری عێراقە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، حكوومەتی هەرێم لە ماوەی ساڵی رابردوودا دەستی كردووە بە چاكسازیی دارایی و ئیداری و ئەو هەوڵانەیش بەردەوامن، ئێستا حكوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و، حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان ئەركێكی زەحمەتی لە ئەستۆیە، گرینگیشە لە كاتێكی گونجاو و زوودا هەڵبژاردن بكرێت.
لای خۆیەوە، زەینەب ئالیئافا جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند، حكوومەتی كەنەدا بەردەوام دەبێت لە هاوكارییەكانی و، داوایش لە حكوومەتی عێراق دەكات كە كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بە دانوستان چارە بكات.
خاتوو ئالیئافا گوتیشی، "پێویستە حكوومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە بكات و، لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتن و رێز لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستانیش بگیردرێت، ئێمە پێمان وایە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە و، مانەوەیشی ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكات، بۆیە داواكارین بە زووترین كات كۆتایی بە گرژییەكانی نێوانیان بهێنن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.