Erbil 2°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 06:28

داریوش و گوگوش و ئێبی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی ئێران هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕیی

پشتیوانی خۆیان بۆ هاووڵاتیانی ناڕازیی خستووه‌ته‌ڕوو
داریوش و گوگوش و ئێبی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ئێران هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕیی
کوردستان TV
100%

خۆپیشاندانه‌كانی هاووڵاتیيانی ئێران له‌ شاره‌كانی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری وڵاتان و كه‌سایه‌تییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌دواوه‌ بووه‌ و له‌م میانه‌یه‌شدا چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ئێرانی تاراوگه‌ پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌رانی ناوخۆی ئێران ده‌ربڕیوه‌. 

له‌ناویاندا گۆرانیبێژه‌ هونه‌رمه‌نده‌كانی وه‌ك داریوش و گوگوش و ئێبی كه‌ رووخساره‌ زۆر ناسراوه‌كانی ئێرانن له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌، پشتیوانی خۆیان بۆ هاووڵاتیانی ناڕازیی خستووه‌ته‌ڕوو.

خاتوو فائیزه‌ ئاته‌شی كه‌ به‌ گوگوش ناسراوه‌ و یه‌كێك له‌ تاراوگه‌ نشینه‌ ناڕازییه‌كانی ئێرانه‌ له‌سه‌ر ئه‌كاونتی تایبه‌تیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشانده‌ران نووسیویه‌تیی: ئه‌وانه‌ (خۆپیشانده‌ران) ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن كه‌ ناسووتێن.

هه‌روه‌ها داریوش ئیقباڵی كه‌ به‌ تێكسته‌ هه‌ست بزوێنه‌ سیاسیی و رۆمانسییه‌كانی ئه‌و گۆرانییانه‌ی خوێندوویه‌تیی زۆر ده‌مێكه‌ ناسراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌كاونتی خۆی دێڕێك له‌ تێكستی یه‌كێك له‌ سرووده‌كانی خۆی نووسیوه‌ته‌ كه‌ ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا سروودی سه‌ركه‌وتن بخوێنه‌ كه‌ به‌یانی سه‌رهه‌ڵده‌دات به‌ ئاڵای ئێمه‌وه‌.

جیا له‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌، ئیبراهیم حامیدی ناسراو به‌ ئێبی له‌سه‌ر ئه‌وكاونتی خۆی نووسیویه‌تیی: سه‌ربه‌رزیی گه‌لی ئێران ئاواتی هه‌موو ئێرانیه‌كانه‌، به‌ ئومێدی ڕزگاریی له‌ چنگی هه‌ژاریی و بێكاریی و گرانیی و زیندان. به‌ ئومێدی ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ ئافره‌تی دلێری ئێرانیی ببێته‌ هێمای ئێرانێكی ئازاد.

بێجگه‌ له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ چه‌ند تاراوگه‌ نشینێكی وه‌ك شوهره‌ سه‌وڵه‌تی و شاهین نه‌جه‌فی گه‌وره‌ راپه‌ڕی تاراوگه‌ نشینیش پشتیوانیی خۆپیشانده‌رانی ئێرانیان كردووه‌.

 

سه‌رچاوه‌: ده‌نگی ئه‌مریكا    
مه‌سعود / كوردستان تی 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.