Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 11:59

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان پڕۆژە یاسای باری کەسیەتی عێراقی رەت کرده‌وه‌

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەیاننامەیەکی دەرکرد
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە 11/11/2017، لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کە  تێیدا ھاتووە، لەکاتێکدا سەدان ئافرەتی عێراقی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەدیل گیراون، بە دەیان ھەزار ئافرەت و منداڵەکانیان لە کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن، ھەزارانی تریشی ھاتەسەر کە بەھۆی ھێرشەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک، خورماتوو، جەلەولا، خانەقین و ناوچەکانی تر ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێھێشت و ئاوارەبوون، وڵاتیش بەدەست ئاسەوارەکانی وێرانکاریی بەردەوام و قەیرانی سیاسی و ئابووری خنکێنەرەوە دەناڵێنێت کە ھەڕەشە لە بوونی دەکات، سەدان ھەزار لاو لە ھەردوو رەگەز بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و رێژەیەکی زۆر لە دانیشتووانیش بەدەست ھەژاری و نەدارییەوە دەناڵێنن، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر و زیاتر ھەڕەشە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەکەن، لەم کاتەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی گفتوگۆ لەسەر بابەتی یاسایەک دەکات کە باری ژنان و منداڵانی بەدیل گیراوی دەستی داعش قوورستر دەبێت.

لەو بەیاننامەیەدا، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، دەپرسێت، کە ئایا باشتر نەبوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پرۆژەی گرنگتر بخرایە بەرباس بۆ چارەسەرکردنی وێرانکاریی بەربڵاو لە ھەموو رووێکەوە لەھەموو ئاستەکاندا، کە رووبەرووی عێراق بۆتەوە؟، ئایا ئەنجومەنی نوێنەران ئاگای لەو کارەساتە نییە کە دەخرێتەسەر زنجیرەی ئەو کارەساتانەی بەردەوام رووبەرووی وڵاتەکەمان دەبنەوەو لەم دە ساڵەی دواییدا ڕوو لە زیادبووندان؟.

ئەو ئەنجومەنە، جەختی لەوەش کردووەتەوە: "ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و جەماوەری ژنانی کوردستان، پڕۆژەی ھەموارکردنی یاسای باری کەسیەتی عێراقی رەت دەکەنەوە، کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر ئەوەی بخرێتە نێو خشتەی کارەکانی ئەنجومەن، چونکە ئەم پرۆژەیە مەترسی جددی ھەیە لەسەر ئەو بڕەی ماوەتەوە لە مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا، بەتایبەتیش مافەکانی ژنان، منداڵان و ئایندەی کۆمەڵگە بەگشتی بەھۆی قووڵکردنەوەی لەتکردنی کۆمەڵگە و ناکۆکبوونی لەگەڵ بەندەکانی دەستووری عێراقی کە بەدەست پێشێلکردنی بەردەوام دەناڵێنێت".

دەشڵێت: "ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسند بکرێت، دەبێتە پێشێلکارییەکی ترسناک بۆ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی عێراق کە ئیمزای لەسەر پەیماننامە و رێککەوتننامە تایبەتەکان بە مافەکانی مرۆژڤ، بەتایبەتیش مافەکانی ئافرەتان و منداڵان کردووە وەک (مافەکانی مرۆڤ، سیداو، بریاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لائیحەی مافەکانی منداڵان، .. ھی تر)".

ئاماژەی بەوەش داوە: "لێرەوە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین ئەو پڕۆژە کارەساتبارە لە خشتەی کارەکانی دەربھێنێت و ئاوڕێک لە گیروگرفت و پرسە راستەقینەو ترسناکەکانی وڵات بداتەوە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.