Erbil 8°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:11

سه‌رۆک بارزانی: ئاساییه‌ به‌ شێوه‌ی کاتی هه‌ندێ شت له‌ده‌ست بده‌ین

به‌ تانك و چه‌كی ئه‌مریكی په‌لاماری ئێمه‌یان دا
کوردستان TV
#6
100%

سه‌رۆك بارزانی رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ده‌ست چوون به‌شه‌ڕ له‌ده‌ست نه‌چوون، ئاساییه‌ به‌ شێوه‌ی كاتی هه‌ندێ شت له‌ده‌ست بده‌ین.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ دیمانه‌یه‌كدا به‌ كه‌ناڵی سی ئێن ئێنی ئه‌مریكی رایگه‌یاند: راستییه‌ك هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت روونیبكه‌مه‌وه‌، ریفراندۆم به‌هانه‌ بوو بۆ به‌غداد. ئه‌گینا، ئه‌مه‌ پیلانی به‌غداد بوو پێش ریفراندۆمیش. ئه‌وان له‌مێژه‌ خۆیان ئاماده‌ كردووه‌، پێشبینی نه‌كراو نه‌بوو كه‌ هێزه‌كانی عێراق هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ من زۆر زۆر جێی سه‌رسوڕمان بوو ئه‌وه‌ بوو، ئه‌وانه‌ی ئه‌مریكا به‌تیرۆریست وه‌سفیان ده‌كات، به‌ تانك و چه‌كی ئه‌مریكی په‌لاماری ئێمه‌یان دا. له‌ به‌رچاوی ئه‌فسه‌ر و به‌رپرسانی ئه‌مریكا.

سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: به‌ راستی خه‌ڵكی كوردستان هه‌تا هه‌تایه‌ له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵاته‌ چاوه‌ڕوان بكه‌ن، ئه‌مه‌ مافێكی سروشتی ئێمه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ مافه‌كانی خۆمان په‌یڕه‌و كرد.

گوتیشی: ئێمه‌ نه‌مانگووتبوو، كه‌ رۆژی دوای ریفراندۆم سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یێنین. ئێمه‌ گوتمان رێگه‌ بده‌ن خه‌ڵكی كوردستان گوزارشت له‌ را و بۆچوونی خۆیان بكه‌ن.

ده‌شڵێ: ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌مان له‌ده‌ست چووبا، ئه‌وه‌ زۆر زۆر گه‌وره‌تر ده‌بوو، ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ده‌ستچوون به‌شه‌ڕ له‌ده‌ست نه‌چوون، ئاساییه‌ به‌ شێوه‌ی كاتی هه‌ندێ شت له‌ده‌ست بده‌ین. ئێمه‌ ئیراده‌ و خواستی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵبژارد له‌سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی تر.

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، به‌راستی ده‌ركه‌وت، كه‌ ده‌بێت نه‌ته‌وه‌ زوڵملێكراوه‌كان پشت به‌خۆیان ببه‌ستن، ئه‌و هه‌موو بانگه‌شانه‌ی به‌ناوی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی گه‌لان و ئازادی و دیموكراسی هیچ بنه‌ما و ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌.

سه‌رۆك بارزانی راشیگه‌یاند: من دڵخۆشم نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ شكۆ و ئه‌فسانه‌ی داعشی تێكشكاند، وامان زانی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ هاوڕێی ئێمه‌ ده‌زانی، پاڵپشتمان ده‌كه‌ن، یان ئه‌گه‌ر پاڵپشتمان نه‌كه‌ن بێ ده‌نگ ده‌بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ده‌ركه‌وت ئێمه‌ ته‌نها چیاكانمان هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وان نه‌ك ته‌نها پاڵپشتیان نه‌كردین، به‌داخه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كه‌كانی ئه‌وان شه‌هید ده‌كرێن، ئه‌وانیش به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان هه‌بێت ته‌ماشا ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ زۆر نیگه‌رانم ده‌كات.

 

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.