بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخی دانوستان لەنێوان هەولێر و بەغدادا، دەڵێت" کوردستان نیازی نییە شەڕ دژ بە عێراق بەرپا بکات.
لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکى، فەلاح مستەفا کە بە سیفەتی وەزیری دەرەوەی کوردستان ناوی هێندراوە، ڕایگەیاندووە "لەم ڕۆژانەدا ڕووداوەکان ڕوونتر دەبنەوە، ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی نوێی پهیوەندین لەگەڵ بەغدا. بە داخەوە کە ڕاپرسییەکی دیموکراتی و ئاشتیانە کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، لە لایەن دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەها بەرهەڵستی بکرێ."
هەروەها دەڵێت" ئێمە زۆر بە ڕوونی پەیامی خۆمان گەیاند لەوەی کە گەلی کوردستان دەیەوێ گوزارشت لە مافی خۆی بکات؛ ئامادەیی خۆیشمان بۆ دیالۆگ لەگەڵ بەغدا نیشان داوە دەربارەی پاشەڕۆژی پهیوەندی و سنووری هەرێمی کوردستان، بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە دیالۆگ بکات."
وتیشى" دەرک بەوە دەکەین کێشهگەلێک هەن لە نێوانماندا، بەڵام بەغدا دانوستان و دیالۆگی ڕەت کردووەتەوەو سزای بە کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دا، تا بەوە گەیشتین کە ئێستا دەیبینین. ههروهها وتیشى" دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دیالۆگ، تا لەوەبگەین چ ڕوو دەدات و پێویستە چ بکەین." ناوبراو داوایش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەنجوومەنی ئاسایش كرد كه گفتوگۆ لەوبارەیەوە بکهن.
فهلاح مستەفا جەختی کردەوە، " قەت نیازی ئەوەمان نییە دژ بە سوپای عێراق بجەنگین. پێشتر پێکەوە دژ بە داعش دەجەنگاین، دەبێ پێکەوە دیالۆگ بکەین تا دەگەین بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش."
هەروەها دەڵێ "بابەتەکە پهیوەندیی بە چاڵە نەوتەکانەوە نییە و پهیوەندیی بە ئاڵایشەوە نییە، بەڵکو پهیوەندیی بە پاشەڕۆژی دوو نەتەوەوە هەیە، لەبەر ئەوە پێویستمان بە دیالۆگ هەیە.
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.