Erbil 31°C سێشەممە 20 تشرینی یەکەم 23:16

هونەرمەند نەجاتی عەبدە

100%

شمشاڵژەنەکەی تیپی مۆسیقای مەولەوی!
«هەردوو سروودەکە لە هۆنراوەی نوری وەشتی و لە ئاوازی خۆم بوو!»

ساڵانێکی زۆرە لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبات و دوورە لە نیشتمان و زێدەکەی، غوربەت و ئاوارەییش بەهێندەی هەڵکشانی تەمەنەکەی کاریگەریی لەسەر داناوە، بەڵام دەبێت سوپاسگوزاری پەروەردگار بین کە ئێستا لە ژیاندایە؛ هونەرمەندە تاقانەکەی (تیپی مۆسیقای مەولەوی) خولی یەکەم.

ڕۆژگارێک بوو ئەم هونەرمەندە جوان، شیکپۆش، دەم بەخەندە و زمان‌شیرینە (نەجاتی عەبدە) و تیپی مۆسیقای مەولەوی، ناوێکی درەوشاوەی نێو دنیای هونەری ئاواز، موزیک و گۆرانیی کوردی بوون لە شاری سلێمانی و کوردستاندا.

لە ماوەی ژیانی هونەریدا زۆر کەم لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەری نووسراوە یان دیداری لەگەڵدا ساز کراوە! جێی دەستخۆشییە کە لە لایەن (کوردانی یۆتۆبۆری) لە ساڵی (2012) وتووێژێکی لەتەکدا ئەنجام دراوە و باسی سەرەتاکانی ژیانی هونەری و کۆمەڵایەتیی خۆی دەکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کراوەتەوە.

هونەرمەند نەجات عەبدە ئەمین، لەناو کۆڕ و کۆمەڵ و نێوەندی هونەری بە (نەجاتی عەبدە) ناسراوە.
سەبارەت بە ناوی (عەبدە) دەپرسین: ئایا ناسناوە بووەتە پاشگری ناوەکەی، یان ناوی باوکییەتی؟
بۆ ساغکردنەوەی ئەو ناوە پێوەندیم بە کاکە دلێری کوڕی هونەرمەند لە وڵاتی (سوید) کرد و ئاماژەی پێ دا:
«ئەوەندەی من ئاگادار بم و لە زاری باوکمەوە بیستوومە، باپیرم کە هاتۆتە دنیاوە یەکەم جار بڕیار بووە کە ناوی (عەبدولڕەحمان) بێت، بەڵام هەمیشە پێیان وتووە عەبدە و بەو ناوە بانگیان کردووە، ئیتر ئەم ناوە بووەتە ناوی فەرمیی باپیرم و بە عەبدە تۆمار کراوە و بنەماڵەکەمان بە عەبدە ناسراوە».

هونەرمەند نەجاتی عەبدە لە ڕێکەوتی (14/10/1936) لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە، لە خوێندندا گەیشتووەتە پۆلی سێی ناوەندی، بەڵام بەهۆی تێکەڵاوبوون بە کاری سیاسەت و ئەندامبوونی لە (یەکێتیی قوتابیانی کوردستان)ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لایەن ڕژێمی ئەو سەردەمەوە دەستگیر دەکرێت و لە دادگا سزای (6) مانگ زیندانی بەسەردا دەسەپێنن و سزایەکی دیکەشی دەدەن کە بۆ ماوەی (5) ساڵ لە قوتابخانە دوور دەخرێتەوە و مافی خوێندنی لێ دەسێننەوە؛ بەمەش لە خوێندن بێبەش دەبێت و بۆی نییە لە هیچ قوتابخانەیەکی دیکەی شاری سلێمانی درێژە بە خوێندن بدات.

دواتر لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان هونەرمەند ڕوو دەکاتە شارەوانیی سلێمانی بە مەبەستی دامەزراندن تا دەستی لە کارێک گیر ببێت، لە هۆبەی نەخشەکێشانی بەشی ئەندازیاریی شارەوانی وەک کارمەند دادەمەزرێت. لەم کارەشیدا تۆمەتی بۆ دروست دەکرێت کە کاری سیاسەت دەکات و چەند جارێک دەخرێتەوە زیندان و دواتر ئازادی دەکەن.

ئەو هەموو گرتن و زیندانیکردنەی هونەرمەند نەجاتی عەبدە، لە شاری سلێمانی وەک دەستەواژەیەکی پێکەنیناوی ببووە وێردی سەر زمانی خەڵکی، ئەویش دوای ئەوەی کەسێک لە گرفتێک ڕزگاری بووایە ئەو دەستەواژەیەی بەکاردەهێنا و دەیانوت: «نەجاتم بوو وەک نەجاتی عەبدە..؟!»

نەجاتی عەبدە و دامەزراندنی تیپی مۆسیقای مەولەوی

لای هەمووان ئاشکرایە کە تیپی مۆسیقای مەولەوی لە ساڵی (1955) بە هەوڵ و تێکۆشانی چەند هونەرمەندێکی خەمخۆر بۆ هونەری موزیک و ئاواز و گۆرانی دادەمەزرێت، وەرچەرخانێکی گرنگ بووە بۆ هونەری مۆسیقا و گۆرانیی کوردی لەو سەردەمەدا. هەرچەندە ئەم هونەرمەندانە پێشتر پێکەوە کاری هونەرییان ئەنجام داوە، بەڵام لەژێر چەتری تیپێکی مۆسیقادا نەبووە، تا ساڵی (1955) دوای ئەوەی هونەرمەند (قادر دیلان) بە یەکجاری لە شاری بەغداوە دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و تیپی مەولەوی دادەمەزرێنن.

هونەرمەند نەجاتی عەبدە باسی سەرەتاکانی هونەریی خۆی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:
«لە ساڵانی پەنجاکانەوە دەستم کردووە بە ژەنینی مۆسیقا و خۆم فێری ژەنینی ئامێری (نای و شمشاڵ) کرد و ڕۆژانەش بە تەنیا چەند کاتژمێرێک لە ماڵەوە ئەو ئامێرەم لێدەدا و زۆریش حەزم لە ژەنینی بوو، پاش چەند ساڵێک بیستم کە کوڕێک هەیە ناوی (قادر دیلان)ە، ئامێری کلارنێت دەژەنێت و کەمێک ناسیاویشمان لەگەڵیدا هەبوو، پێوەندیم پێوە کرد و پێم وت بۆ فێری مەقامەکانم ناکەیت و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئەم شارەدا ڕچەی دامەزراندنی تیپێک نەشکێنین بۆ ئەوەی خزمەتی مۆسیقای کوردی پێ بکەین؟
لە وەڵامدا ئەویش وتی: زۆر دەمێکە دەگەڕێم بۆ یەکێکی وەک تۆ تا لە کارێکی وا پیرۆزدا هاوکاریم بکات، چونکە من و چەند برادەرێکی دیکەش هەن ئەوانیش ئامێری عود و کەمان دەژەنن و ئەو ئارەزووەیان هەیە بۆ ئەوەی تیپێک دابمەزرێنین. پاش ماوەیەک چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام دا و دەستمان بە پرۆڤە کرد، لەو ماوەیەدا خوالێخۆشبوو (قادر دیلان) کە لە ساتی خۆیدا ئاوێنەیەکی باڵانما بوو بۆ هونەر، چەند مەقامێکی فێر کردم و توانیم تێیاندا سەرکەوم و ڕەزامەندیی ئەو بەدەست بهێنم، ئیتر دوای ئەوە بە هەستێکی بێپایانەوە لە بۆنەکانی جەژنی نەورۆز و یادە نیشتمانییەکاندا بەشداریمان دەکرد، وای لێ هات لەناو جەماوەردا ناومان بڵاوبووەوە و زۆر حورمەت و ڕێزیان لێ دەگرتین. پاش ئەوەی خوالێخۆشبوو (قادر دیلان) بەهۆی خەریکبوونی بە کاری سیاسییەوە لە کۆلێژی ئابووریی بەغدا دەرکرا و گەڕایەوە بۆ سلێمانی، پێوەندیی بە من و برادەرانەوە کرد و پێی ڕاگەیاندین کە جارێکی تر ناتوانێت بچێتەوە بەغدا، بۆیە پێویستە تیپی مۆسیقای (مەولەوی) گەشە پێ بدەین، ئینجا کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ برادەرە هونەرمەندەکانی وەک خوالێخۆشبووان (بەهجەت ڕەشید سەعاتچی، حاتەم سەعید، هەروەها هادی عەنبەر و ئومێد مەدحەت موبارەک) ئەنجام دا و بە هاوکاریی چەند کەسایەتییەکی دیکەش کە ئەوانیش هەستیان بۆ مۆسیقا وەک ئەوە بوو لە کورەی ئاسنگەردا جۆشی خواردبێت» (1).

هونەرمەندە دیارەکانی سەرەتای دامەزراندنی تیپی مۆسیقای مەولەوی:

(قادر دیلان: 24/5/1928 – 18/3/1999، ژەنیاری ڤیۆلۆن و کلارنێت).

(ولیەم یوحەننا: 1934 – 14/9/2005، ژەنیاری عود و ڤیۆلۆن).

(بەهجەت ڕەشید سەعاتچی: 1927 – 12/7/1998، ژەنیاری عود و ڤیۆلۆن).

(هادی عەنبەر: 1933 – 5/5/2007، ژەنیاری عود و ڤیۆلۆن).

(نەجاتی عەبدە: ژەنیاری شمشاڵ «نەی»).

(عوسمان سابونچی: 1931 – 16/6/1971، ژەنیاری عود و گۆرانیبێژ).

(حاتەم سەعید، ناسراو بە حاتەمە ڕەش: 1936 – 7/1/2011، ژەنیاری تەپڵ – ئیقاع).

(عەبدولڕەحمان قەدری: ژەنیاری عود).

(سەردار ڕەمزی فەتاح: ژەنیاری ڤیۆلۆن).

(دکتۆر ئومێد مەدحەت موبارەک: 5/6/1939، ژەنیاری ڤیۆلۆن).

هەروەها ئەم کەسایەتییانە هاوکار و یاریدەدەری تیپی مۆسیقای مەولەوی بوون، وەک: (حەمە فەرەج مەعروف، ناسراو بە خاڵە حەمە فەرەج: 1938 – 12/2/2008) (ج،د) بێژەر و پێشکەشکاری بەرنامەکان بووە؛ (عومەر مەجید خەڵەف، ناسراو بە عومەر هەڵمەت: 1934 – 14/12/2020) تۆمارکردن و ئەندازیاری دەنگ و ڕێکخستنی شوێنی ئامێرەکانی مۆسیقا و مایکرۆفۆن؛ (نوری بەدەوی) یاریدەدەری کاک عومەر هەڵمەت بووە؛ هەروەها (کاک نوری وەشتی: 1935 – 12/5/2001) کاروباری شانۆیی (2).

دیارە مامۆستا، هونەرمەند و نووسەر (باکووری: 5/11/1928 – 2/11/2022) تەنها ناوی ئەو هونەرمەندە خۆشەویستانەی هێناوە، بەڵام لە سەرچاوەیەکی دیکەدا ئاماژە بە ناوی هونەرمەند (حازم حەداد: 1925 بەغدا – 17/5/2012 عەممان، ژەنیاری عود) و (قادر کوردی: ژەنیاری دەفسنجان) کراوە کە هاوکار و ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی بوون (3).

سەرەتا ئەم هونەرمەندانە لەژێر سایەی تیپێکی مۆسیقادا کۆببوونەوە و مەبەستیان بووە ناوی تیپەکە بنێن (دیلان)، بەڵام هونەرمەند (قادر دیلان) بەو ناوە ڕازی نابێت و بڕیاری کشانەوە دەدات لەو گرووپە مۆسیقییە، لەو سۆنگەیەوە قادر دیلانی ڕەحمەتی دەڵێت: «سەرەتا تیپەکەیان ناونا (دیلان)، من ڕازی نەبووم و بە ئەندامانی تیپەکەم ووت: ئەو ناوە نەگۆڕن وازدێنم، ئەوجا کردمانە تیپی مەولەوی» (4).

ئەوەش جێی سەرنج و تێڕوانینە کە بۆچی بە ناوی ئەو شاعیرە بەرزەی کوردەوە (مەولەوی: 1806 – 1882) ئەو تیپە ناونرا؟
هونەرمەندی ژەنیار و ئاوازدانەر (نەجاتی عەبدە) لە دیمانەیەکدا لە پاشکۆی ڕۆژنامەی (العراق) کە بە کوردی لە بەغدا دەرچووە دەڵێت: «چەند جارێک لەسەر ناونانی تیپەکە کۆبووینەوە، ڕۆژێک کاک حەمە فەرەج مەعرووف هات و وتی ناوێکی زۆر خۆشم دۆزیوەتەوە، (تیپی مۆسیقای مەولەوی) لە ڕۆحییەتی (مەولەوی)ی مەزنەوە نزیکە، چونکە هۆنراوەکانی زۆر تەڕ و جوان و بڕگەکانی پڕن لە مۆسیقا، ئیتر بڕیاری لەسەر درا» (5).

تیپی مۆسیقای مەولەوی هێشتا مۆڵەتی فەرمییان بۆ تیپ وەرنەگرتبوو و بەبێ مۆڵەت کاری هونەری و ئاهەنگیان لە شاری سلێمانی دەگێڕا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ شوێن و بارەگایەکی فەرمییان نەبوو بە ئازادانە پرۆڤە و چالاکییە هونەرییەکانیان تێدا ئەنجام بدەن تەنها ماڵ بووە، وەک ماڵی هەردوو هونەرمەند (قادر دیلان و ولیەم یوحەننا) و هەندێک جار لە ژووری یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی پرۆڤەیان دەکرد.

تیپی مۆسیقای مەولەوی کەی و چۆن مۆڵەتی فەرمی وەردەگرن؟
مامۆستا و هونەرمەند باکووری نووسیویەتی: «لە ساڵی (1957) کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی دامەزرا، کاک نەجاتی عەبدە و ولیەم یوحەننا و قادر دیلان داواکاریی مۆڵەت وەرگرتن پێشکەش دەکەن، لە ڕۆژی (19/6/1957) بە ڕەسمی مۆڵەتیان پێدرا کاربکەن، ئیتر تیپەکە بە هەموو ئەندامەکانیەوە لە کۆمەڵەکە دامەزران و چوونە ناویەوە» (6).

سەبارەت بە وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی بۆ تیپی مۆسیقای مەولەوی، هونەرمەند نەجاتی عەبدە پێمان دەڵێت:
«بۆ دامەزراندنی تیپەکە مۆڵەتێکی فەرمیمان پێشکەش کرد، تا ڕێگە بە تیپەکە بدرێت بێ ئەوەی کەس بتوانێت بەربەستی بۆ دابنێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، داواکارییەکەمان لە ڕێگای موتەسەریفی ئەو کاتی سلێمانی بۆ بەغدا نێردرا، لەو کاتەشدا (سەعید قەزاز: 1904 سلێمانی – 20/9/1959) وەزیری ناوخۆ بوو، کە داواکارییەکەمان دەچێتە بەرچاوی، بێ دوودڵی یەکسەر دەڵێت: زۆر باشە، بۆ ئەوەی ئەو کوڕە گەنجانەی سلێمانی زۆر خەریکی کار و چالاکیی سیاسەت نەبن و بە مۆسیقاوە خەریک بن، مۆڵەتیان پێ بدەن تا ئەو تیپە دابمەزرێنن. ئەو وەزیرە بێئاگا بوو لەوەی لە بنەڕەتدا ئێمە ئامانجمان برەودان بوو بە کاری سیاسی، بەڵام لەژێر پەردەی هونەردا.
دوای ئەمە بە فەرمی تیپی مۆسیقای (مەولەوی)مان دامەزراند و کەوتینە پێشکەشکردنی ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی و جەماوەریش پشتگیرییەکی باشی کارەکانی ئێمەیان دەکرد، بەتایبەتی خەڵکی سلێمانی، ئەمەش وای لە تیپەکە کرد کە زیاتر گەشە بکات و زیاتر پێش بکەوێت و چێژی هونەری تەشەنە بکات» (7).

هونەرمەند نەجاتی عەبدە لەگەڵ هونەرمەندانی هاوڕێی لەنێو تیپی مۆسیقای مەولەویدا درێژە بە کار و چالاکییە هونەرییەکانیان دەدەن و جەماوەرێکی زۆر لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە؛ هەروەها کۆمەڵێک هونەرمەند و بەهرەمەندی دەنگخۆش لە ناوەوە و دەرەوەی شاری سلێمانی لە خۆیان کۆدەکەنەوە و بە ئاهەنگەکانیان دڵی جەماوەر شاد دەکەن و ئامانجی بەرزی هونەر پیرۆزتر و باڵاتر دەکەن. ئەو هونەرمەندانەی لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی لە ئاهەنگ و یادەکاندا بەشدار بوون، وەک:
(ڕەشۆڵ: 1912 – 14/7/1974)، (حەمەی بەکر: 1926 – 14/2/1999)، (شەماڵ سائیب: 1931 – 7/11/1986)، (حەسەن زیرەک: 29/11/1921 – 26/6/1972)، (حەمە ساڵەح دیلان: 1927 – 28/10/1990)، (باکووری: 1928 – 2/11/2022)، (سێوە: 1891 – 9/12/1963)، (تایەر تۆفیق: 1922 – 20/10/1987)، (خەلیلی سدیقی: 1930 – 1970)، (فوئاد ئەحمەد: 1932 – 17/8/2004)، (ڕەسوڵ گەردی: 1922 – 17/10/1994)، (ئیبراهیم محەمەد، ناسراو بە ئیبراهیمی خەیات: 1931 – 3/5/2005)، (قادری حاجی حسێن: 1921 – 6/9/1984)، (عومەر ڕەزا: 1942 – 7/8/2021)، (ڕەفیق چالاک: 1923 – 30/11/1973)، (جەمال جەلال: 1942 – 21/8/2016) و (فەرەجی حاجی ڕەشید: 1922 – 1981).

ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی تیپی مۆسیقای مەولەوی

ئاهەنگ و چالاکییە هونەرییەکان کە شمشاڵ و هەست و پەنجەی هونەرمەند نەجاتی عەبدەیان تێدا بەشدار بووە:

ئاهەنگی قوتابخانەکان، قوتابخانەی گۆیژەی کوڕان لە ڕێکەوتی (4/12/1955).

ئاهەنگی دواناوەندیی سلێمانی بەبۆنەی کردنەوەی پێشانگایەکی پیشەسازی لە ڕێکەوتی (20/8/1956). لەو ئاهەنگەدا هونەرمەندان (حەسەن زیرەک و ئەحمەدی شێخاڵی: 1929 – 6/12/2005) و چەند هونەرمەندێکی دیکەی شاری سلێمانی بەشدار بوون، وێنەی ئەو ئاهەنگە لە لایەن فۆتۆگرافەری بەتوانا (ڕەفیق مەحمود محەمەد، ناسراو بە ڕەفیقی وێنەگر: 1932 – 8/9/2020) گیراوە و ئەمڕۆ بووەتە ئەرشیفێکی بەنرخ بۆ گەنجینەی هونەری مۆسیقا و گۆرانی.
دەربارەی ئەو ئاهەنگە، هونەرمەند قادر دیلان لە دیدارێکدا دەڵێت:
«خۆشترین ئاهەنگەکانی حەسەن زیرەک ساڵی 1956 (معرض صناعي) لە مەکتەبی سانەوی سلێمانی بوو، بەو بۆنەیەوە ئێمە شانۆیەکمان دروستکرد لەودیو بینایەی مەکتەبی سانەوی سلێمانییەوە، کە بۆ یەکەمین جار تەلەفزیۆنێکی موەقەتیان هێنا لە سلێمانی بۆ ئەو ناوچەیەی مەعرەزەکە، جیا لە هونەرمەندانی تیپی مەولەوی، ئەم هونەرمەندانەشمان لەگەڵدا بوو، وەک: شەماڵ سائیب، برایم محەمەد، قادری حاجی حسێن، حەمەی بەکر، کەریم کابان و حەسەن زیرەک. لەوێ حەسەن زیرەک تازە ئەوەڵ کەڕەت لە ژیانیدا ئەو گۆرانییەی گووت، لەپاش یەک دانە هەفتە چوو سەر زمانی هەموو کوردێک لە سلێمانی، ئەو گۆرانییەش ئەوە بوو، ناوی (ئەی وەی زارا)، ئەو گۆرانییە چوو سەر دەمی هەموو کەسێک» (8).

کۆتایی هەموو مانگێک لە یانەی فەرمانبەران، ئاهەنگیان بۆ میوانانی یانەی فەرمانبەران سازکردووە.

ئاهەنگی کۆمەک کۆکردنەوە بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی (پێنجوێن)؛ ڕێکخستنی ئاهەنگ لە نەخۆشخانەکان بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆحیەت و دەروونی نەخۆشەکان.
هەروەها ئەو کارەساتە تراژیدیایەی لە ڕۆژی (18/10/1957) ڕۆژی هەستانی لافاوەکەی شاری سلێمانی ڕوویدا، تیپی مۆسیقای مەولەوی وەک هەستێکی بەرزی نیشتمانی و ئەرکێکی نەتەوەیی، هونەر دەکەنە ڕایەڵەیەک لەنێو شار و شارۆچکەکاندا، نمایشی شانۆیی (ڕەزیل و لافاو) لە نووسین و ئامادەکردنی هونەرمەند (قادر دیلان) و گۆرانی و مۆسیقا بۆ مەبەستی کۆمەک کۆکردنەوە، بە هاوکاریی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ (حەمە ساڵەح دیلان، ڕەشۆڵ و عوسمان سابونچی) لە شاری سلێمانی ئاهەنگ ساز دەکەن. دواتر ڕوو دەکەنە شاری هەولێر لە (13/11/1957) بە هاوکاریی هونەرمەندان (ڕەسوڵ گەردی، مشکۆ: 1928 – 15/5/1989، و حەیدەربەقاڵ: 1915 – 4/12/1979) بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئاهەنگ ساز دەکەن. پاشان تیپی مۆسیقای مەولەوی بەرەو شارەکەی حاجی قادری کۆیە لە ڕێکەوتی (15/11/1957) بەڕێ دەکەون و لە کۆیەش جگە لە هونەرمەندانی سلێمانی، هەردوو هونەرمەند (سێوە و باکووری) هاوکار دەبن لە ئەنجامدانی ئاهەنگەکە. ئەو تیپە دڵسۆز و خەمخۆرە ئەو داهاتەی لە ئاهەنگەکاندا دەستیان کەوتووە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی شاری سلێمانی تەرخانیان کردووە؛ کەواتە هەمیشە لە هەوڵی کۆکردنەوەی پارەدا بوون بۆ دڵخۆشکردنی هەژاران و زیانلێکەوتووان و قوتابیی کەم‌دەرامەت، ئەو کۆمەک کۆکردنەوەیە بۆ گیرفان و بەرژەوەندیی خۆیان نەبووە، ئەو خەسڵەتە جوان و لێوانلێوە لە مرۆڤایەتی خەسڵەتی هەموو ئەندامانی تیپی مۆسیقای مەولەوی بووە و هونەرمەند قادر دیلان ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
تیپی مۆسیقای مەولەوی بۆ ئەو سەردەم و ڕۆژگارە ڕۆڵێکی باش دەبینێت لە گەشەکردن و پێشخستنی هونەری مۆسیقا و گۆرانی، و بەردەوام دەبن لە کارە هونەرییەکانیان و چەندین ئاهەنگی تر لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجام دەدەن.

ئاهەنگی یانەی فەرمانبەران بەبۆنەی گەڕانەوەی ڕەوانشاد (بارزانیی نەمر: 1903 – 1/3/1979) لە ساڵی (1958) و سەردانی بۆ شاری سلێمانی.
ئەو ئاهەنگەی لە یانەی فەرمانبەرانی سلێمانی تیپی مۆسیقای مەولەوی سازیان کردبوو بەبۆنەی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر، هونەرمەندی ژەنیار نەجاتی عەبدە بەم شێوەیە یادەوەرییەکە دەگێڕێتەوە:
«من خۆم یەکێک بووم لەو هونەرمەندانەی کە بە فەخرەوە پێشوازیمان لە سەرۆکی نەمر (مستەفا بارزانی) و هەڤاڵانی کرد دوای گەڕانەوەی لە ڕووسیاوە بۆ عێراق، بە بیرم دێت لە یانەی فەرمانبەرانی سلێمانی ئاهەنگێکی گەورەمان ساز کرد و بارزانیی نەمر زۆر دڵخۆش بوو بەوەی کە گەنجانی کورد بتوانن ئەو هەموو سروودە خۆش و شۆڕشگێڕییە لە پێناوی خاک و نەتەوەکەیاندا پێشکەش بکەن» (9).

سازدانی ئاهەنگ بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە لە (1/5/1959) بە هاوکاریی هەردوو هونەرمەندی دەنگخۆش (حەمە ساڵەح دیلان و قادری حاجی حسێن).

سازدانی ئاهەنگ لە یانەی فەرمانبەرانی هەڵەبجە لە ساڵی (1959). هونەرمەندی شانۆکار (ڕەئوف یەحیا: 1924 – 1987) لەگەڵ چەند هونەرمەندێک نمایشی شانۆگەریی (بازرگانی ڤینیسیا) لە هەڵەبجە دەکەن، دوای تەواوبوونی نمایشی شانۆییەکەش شەوەکەی هونەرمەندانی تیپی مۆسیقای مەولەوی ئاهەنگیان بۆ جەماوەری شاری هەڵەبجە ساز کردووە.

بەبۆنەی کردنەوەی لقی وەزارەتی ئیرشاد لە شاری سلێمانی لە (25/12/1960).

لە ساڵی (1961) چەندین کار و چالاکیی هونەرییان لە ناوەوە و دەرەوەی سلێمانی ئەنجامداوە، لەوانە تۆمارکردنی چەند سروودێک لە ماڵی هونەرمەند (حاتەمە ڕەش) لە گەڕەکی قەزازەکان لەسەر داوای سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول. سروودەکان بریتی بوون لە: «سڵاو لە پارتی دیموکراتی کورد»، «دایە گیان توخوا بەسیەتی گریان»؛ هەردوو سروود لە هۆنراوەی (نوری وەشتی: 1935 – 2001) و لە ئاوازی هونەرمەند (نەجاتی عەبدە)، هەروەها سروودی «پێشمەرگەین» و «جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە».
لە هەمان ساڵدا (1961) سازدانی ئاهەنگێک لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد لە شاری کۆیە بە هاوکاریی هونەرمەند (سێوە) ساز دەکەن.

لە ڕێکەوتی (23/11/1961) تیپی مۆسیقای مەولەوی ئاهەنگێک ساز دەکەن بەبۆنەی کردنەوەی (بەنداوی دەربەندیخان) کە (عەبدولکەریم قاسم: 1914 – 9/2/1963) ئامادەی ئەو مەراسیم و ئاهەنگە بووە، (15 کوڕ و 15 کچی) شۆخ و شەنگ بە کۆرس سروودی «عەبدولکەریم پاڵەوانە»یان خوێندووە. هونەرمەندانی بەشداربووی ئەو ئاهەنگە بریتی بوون لە: (حەننا بەتروس، سمکۆ عەزیز، نەجاتی عەبدە، حاتەمە ڕەش، هادی عەنبەر، قادر کوردی، قادر دیلان، ڕەفیق چالاک، حازم حەداد و ولیەم یوحەننا).

لە ڕێکەوتی (7/4/1963) بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە هۆڵی (خولد) لە شاری بەغدا ئاهەنگ ساز دەکەن بە هاوکاریی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ کە دیارترینیان هونەرمەندی گەل (تایەر تۆفیق) بووە.

نەجاتی عەبدە، وەک هونەرمەندێکی شمشاڵژەنی بەتوانا، خۆشمەشرەب، کۆڕگەرمکەری یاران و هەستناسکی میهرەبانەکەی تیپی مۆسیقای مەولەوی ناسراوە. لەگەڵ بەهرەی ژەنینی ئامێری شمشاڵەکەی لەناو تیپی مۆسیقای مەولەوی، سەرۆکی لیژنەی گۆرانی و مۆسیقاش بووە، هەروەها لایەنێکی هونەریی دیکەی هونەرمەند بریتی بووە لە ئاوازدانان، بەڵام وەک پێویست ئاماژە بەو بوارەی نەدراوە و تا ئێستا باس لەوە نەکراوە کە ئاوازی لەسەر دوو هۆنراوەی هونەرمەند، ئەدیب و دڵسۆزی هونەر (نوری وەشتی) داناوە کە بە سروود خوێندراوە و لە ڕادیۆی شۆڕشەوە بڵاوکراوەتەوە. بۆ زانیاریی زیاتر پشتم بەستووە بە وتەی خودی هونەرمەند کە چۆن ئاوازی بۆ ئەو دوو سروودە داناوە. هونەرمەند لە هەڵدانەوەی لاپەڕەی یادەوەرییەکانیدا پێمان دەڵێت:

«دوای دەستپێکردنی شۆڕشە مەزنەکەی گەلی کورد و دواتر ئەو سەرکەوتنانەی لە هەموو بوارەکاندا ئەو شۆڕشە بەدەستیهێنا، ڕۆژێکیان نامەیەکم لە لایەن خوالێخۆشبوو (سەیدا ساڵح یوسفی: 1918 – 25/6/1981)یەوە بۆ هات، ئەوەیش بە دەستی خوالێخۆشبوو (ڕەفیق)ی برامەوە پێم گەیشت، کە ئەو کات پێشمەرگە بوو لە ناوچەی ئاوەکۆرتێ. لە نامەکەدا نووسرابوو: برای بەڕێز کاک نەجاتی عەبدە، دوای ئەوەی توانیمان ئێستگەیەکی ڕادیۆیی پەیدا بکەین، دەمانەوێت دەسپێکی ئێستگەکە بە چەند سروودێکی تازە بکەینەوە، زۆرمان پێخۆش دەبێت کە بە زووترین کات ئەو سروودانەمان پێ بگات.
منیش پێوەندیم کرد بە بەڕێزان کاک (نوری وەشتی) و (جەلال عەزیز: 1928 – 19/4/2008) و پێموتن کە لە مەکتەبی سیاسییەوە نامەیەکی وام بۆ هاتووە. ئەدیب و نەتەوەپەروەری کورد (نوری وەشتی) بێ ڕاوەستان وتی: من دەتوانم هۆنراوەت بدەمێ و تۆ ئاوازی بۆ دابنێیت. پاشی سێ ڕۆژ دوو هۆنراوەی بۆ هێنام و وتی: فەرموو ئەوەتانە، بزانم تۆ چی دەکەیت؟ کە هۆنراوەکانم خوێندەوە، زۆرم بەدڵ بوون، چونکە پڕ بە قاڵبی ئەو کاتی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوون.

یەکەمیان دەڵێ:
«سڵاو لە پارتی دیموکراتی کورد
ئەو پارتەی ئاڵای شۆڕشی هەڵکرد...»تاد.

دووەمیشیان دەڵێ:
«دایە گیان توخوا بەسیەتی گریان
بەسیە ئاخ و ئۆف، بەسیە سینگ کوتان
وا کوردێک کوژرا من لە شوێنی ئەو
شەرت بێ خەبات کەم چاوم نەچێتە خەو
تاکو دەبینم بەزینی دوژمن
کورد هەڵدەکات ئاڵای سەرکەوتن»

دواتر ئاوازم بۆ هەردووکیان دانا، واتە سروودەکان لە هۆنراوەی نوری وەشتی و لە ئاوازی خۆم بوو. ئینجا کە ڕووبەڕووی گرفتی تۆمارکردنی دەنگ و ڕێکخستنی کۆرس بووینەوە، حزب پێی ڕاگەیاندین کە بۆ بەرژەوەندیی خۆتان و حزب باشترە کەمترین کەس بەشداریی ئەم کارە بکات تا لە چاوی دوژمن پارێزراو بن. دوایی ماڵی کاک حاتەم (حاتەمە ڕەش) هەڵبژێردرا کە تێیدا تۆماری بکەین، ئیتر بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی حزب لەوانە: (جەلال عەزیز، فەرەیدوون دارتاش، نەجات مەحوی، خۆم و حاتەم سەعید) توانیمان پاش چەند سەعاتێک سروودەکان تۆمار بکەین و کاک نوری وەشتی خۆی تۆماری دەکرد، دوای ئەوەی لەبەر نەچوونە دەرەوەی دەنگ دیواری ئەو ژوورە بچکۆلەیەی ماڵی کاک حاتەم هەمووی بە بەتانی و لێفە داپۆشرا بوو، چونکە ماڵەکەی لە گەڕەکی (ئەسحابە سپی) لە ناوەڕاستی شاری سلێمانیدا بوو. لە کۆتاییدا توانیمان بە جوانی و بە سەرکەوتوویی تۆماری بکەین و بۆ ڕۆژی دواتریش لە ڕێگای ئەو برایەم کە نامەکەی هێنابوو، یەکسەر ڕەوانەی دەرەوەمان کرد.
دوو ڕۆژ دواتر لە ئێستگەی دەنگی کوردستانەوە هەموو خەڵکی کوردستان گوێی لەو دوو سروودە بوو، سەدا و دەنگێکی زۆر گەورە و کاریگەری لەناو جەماوەر و پێشمەرگەدا هەبوو، بوو بە شانازییەک بۆ خۆم و هاوڕێکانم کە گوێمان لێدەبوو، سەرمان پێی بەرز دەبووەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا هیچ کام لەو ئێستگانەی بڵاوی دەکەنەوە بە هیچ شێوەیەک باسی ئەوە ناکەن شاعیر و ئاوازدانەرەکەی کێن؟ لە چ بارودۆخ و کاتێکدا دانراون و بە چ زەحمەتی و چۆن تۆمار کراون» (10).

نەجاتی عەبدە و هاوڕێ هونەرمەندەکانی بەردەوام دەبن لەسەر کۆشش و چالاکییە هونەرییەکانیان تا دەرفەت بۆ هونەرمەند قادر دیلان دەڕەخسێت و لە ڕێکەوتی (24/6/1962) شاری سلێمانی بەجێدێڵێت بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنی مۆسیقا. دوای گەیشتنی بە وڵاتی (چیک) و لە شاری (پراگ) لە زانکۆی (کۆنسەرڤاتواری کارلۆڤۆ) وەردەگیرێت و درێژە بە خوێندنی مۆسیقا دەدات. بەداخەوە ئیتر تیپی مۆسیقای مەولەوی ئەو چرا ڕۆشنەی جاران نامێنێت و کارە هونەرییەکانیان کەمتر دەبێتەوە و ئەندامە خۆشەویستەکانی پەرتەوازە دەبن.
لە ساڵی (1967) هونەرمەند نەجاتی عەبدە بە خۆی و شمشاڵە خۆشەویستەکەیەوە لە یەک دوو ئاهەنگی ماڵانی هونەرمەند حەسەن زیرەکدا هاوکار و بەشداری ئەو هونەرمەندە مۆسیقییانە دەبێت، وەک:

ئاهەنگی یەکەم: ماڵی مەحمودی تۆفیق شلک، لەگەڵ هونەرمەندان: (ئەنوەر قەرەداخی، حازم حەداد، حەسەنی نەی، سەلاح ڕەشید و عەزۆلەی تەپڵ).

ئاهەنگی دووەم: ماڵی شێخ ڕەئوف سەید عەلی، لەگەڵ هونەرمەندان: (ولیەم یوحەننا، ئەنوەر قەرەداخی، حاتەمە ڕەش و عەباسی کەبابچی) (11).

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: دوای چوونە دەرەوەی هونەرمەند قادر دیلان و کەمبوونەوەی چالاکییە هونەرییەکانی تیپی مۆسیقای مەولەوی و دواتر پەرتەوازەبوونی هونەرمەندە ئازیزەکانی ئەو تیپە ناودارە، لە ڕێکەوتی (23/5/1967) تیپی مۆسیقای سلێمانی دادەمەزرێت، بۆچی جگە لە مامۆستا و هونەرمەند (ولیەم یوحەننا) هیچ یەکێک لە هونەرمەندەکانی تیپی مۆسیقای مەولەوی پێوەندی بە تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە ناکەن تا لە ڕێی ئەو تیپە هونەرییە نوێیەوە درێژە بە کاروانی هونەریی مۆسیقا و گۆرانی بدەن..؟!

هونەرمەند نەجاتی عەبدە دوای ئەو خزمەتە جوان و پرشنگدارەی بە هونەری مۆسیقا و گۆرانیی نەتەوەکەی و پاش نالەباریی بارودۆخی وڵات، لە کۆتاییەکانی ساڵی (1991) وڵات جێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە هەندەران، لە ساڵی (1992)ەوە لە وڵاتی (سوید) نیشتەجێیە.
هونەرمەند لە ساڵی (1961) لەگەڵ خاتوو (فەریدە شێخ محەمەد مەحوی) ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت و دەبنە خاوەنی (2) کوڕ بە ناوەکانی (دیاری، دلێر).
کاک دیاری پزیشکی ددانە و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە، کاک دلێریش ئەندازیارە و لە وڵاتی سوید لە نزیک باوکی دەژی.

ماوەی (34) ساڵە هونەرمەند نەجاتی عەبدە لە غوربەت و تاراوگەدا ژیان بەڕێ دەکات. بەداخەوە هاوژین، پشتیوان و هاوسەفەر و دایکی هەردوو جگەرگۆشەکەی، دوای (63) ساڵ پێکەوەبوون، لە ڕێکەوتی (31/5/2024) خاتوو (فەریدە شێخ محەمەد مەحوی) ژیانئاوایی دەکات و بۆ هەمیشە هاوسەرە هونەرمەندەکەی بەجێدەهێڵێت؛ دروود بۆ ڕۆحی پاکی خاتوو فەریدە.

هیوای ژیانێکی پڕ تەندروستی و تەمەندرێژی بۆ هونەرمەندە دێرینەکەی کورد و تیپی مۆسیقای مەولەوی، «نەجاتی عەبدە» دەخوازم. سڵاو لە مێژووی بەرزی هونەری، و ڕۆحی هەموو هونەرمەندە دەست و پەنجە زێڕینەکانی تیپی مۆسیقای مەولەوی و هەموو هونەرمەندانی نەتەوەکەم شاد بێت، گڵکۆکانیان هەمیشە چراخان بێت و یادیان بەرز و بەڕێز بێت.

جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)

سەرچاوەکان:

(1، 7، 9، 10): کوردانی یۆتۆبۆری / سوید، 16/1/2019، تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک.

(2، 5، 6): پەڕتووکی «گۆرانیبێژە نەمرەکان» – باکووری، بەشی دووەم، لاپەڕە (121) و (122).

(3): پەڕتووکی «ولیەم یوحەننا: ژیان و کاری هونەری» – شنە عەبدوڵڵا محەمەد، لاپەڕە (44).

(4): گۆڤاری چریکەی چیا (چلاواز) – ژمارە (21 و 22)، کانوونی دووەمی 2008، لاپەڕە (28).

(8): ڕۆژنامەی (سلێمانی نوێ) – ژمارە (17)، 2/3/2002، جەمالی دەلاک؛ وتەی هونەرمەند (قادر دیلان) لە یادی (25) ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەند حەسەن زیرەک، کەناڵی ئاسمانیی MED TV، ساڵی 1997.

(11): پەڕتووکی «ڕەهەندەکانی حەسەن زیرەک: ژیانی کۆمەڵایەتی، دەنگ و سەدا، پێکهاتەی گۆرانییەکانی» – نووسین و ئامادەکردنی هونەرمەند عادل حەمەکەریم، لاپەڕە (173 و 199).

(*): پێوەندی لە ڕێی مێسنجەرەوە بە کاک دلێر، کوڕی هونەرمەند (نەجاتی عەبدە)، لە ڕۆژی شەممە (17/10/2026) (سلێمانی – سوید) (ج،د).

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.