کیم جۆنگ ئوون ڕێبەری کۆریای باکوور بە یاوەریی هاوسەر و کچەکەی لە پێشانگەیەکی گەورەی پیشەسازیی پۆشاک و پێڵاودا بە دیار کەوتەوە، ئەمەش وەک پووچەڵکردنەوەیەکی کردەیی هات بۆ زنجیرەیەک دەنگۆی بەرفراوانی میدیا بەریتانی و ڕۆژئاواییەکان کە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد ناوبراو تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و لە نەخۆشخانەیەکی چین گیانی لەدەستداوە.
دەرکەوتنەکەی کیم دوای ئەوە هات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەی "زە سەن" و ژمارەیەک لە میدیا بەریتانییەکان، بە پشتبەستن بە دەنگۆی ناڕوونی چالاکوانێکی چینی، بڵاویانکردەوە کە تەندروستیی ڕێبەری کۆریای باکوور لە دۆخێکی یەکجار نالەباردایە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەی پزیشکیی یونین لە پەکین گواستراوەتەوە بەهۆی نەبوونی توانای پێویستی پزیشکی لە وڵاتەکەی خۆیدا. تەنانەت دەنگۆکان گەیشتبوونە ئەو ئاستەی کە بانگەشەی چوونە کۆمای ناوبراو، مردنی و گەڕاندنەوەی نهێنیی تەرمەکەیان دەکرد، هاوشانی بڵاوبوونەوەی بانگەشەی ئەوەی کە گوایە پەکین نزیکەی 9,000 سەربازی رەوانەی پیۆنگ یانگ کردووە بۆ ئەوەی دەسەڵات بەبێ دروستبوونی شەڕی ناوخۆ بۆ "کیم جو ئێ"ی کچی بگوێزرێتەوە.
بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی کۆریای باکوور بە بڵاوکردنەوەی گرتە و وێنەی سەردانەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی کیم جۆنگ ئوون، سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانەی بەدرۆ خستەوە، کە تێیدا بە تەندروستییەکی باشەوە و بە یاوەریی "ڕی سۆل جو"ی هاوسەری و کچەکەی، بەسەرکەوتوویی لە ناو بەرهەمەکانی پێشانگەکەدا دەسوڕێتەوە. لەو پێشانگەیەدا زیاتر لە 70,700 پارچە پۆشاک لە 30 جۆری جیاواز، لەگەڵ زیاتر لە 170,000 جووت پێڵاو لە 60 مۆدێلی هەمەچەشن نمایشکران کە بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەن.
ڕێبەری کۆریای باکوور لە میانی گوتەیەکدا دڵخۆشیی خۆی بە پێشکەوتنی خێرای کەلوپەلەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستکەوتانە بەڵگەیەکی ڕوونن لەسەر دروستی و زیندوویی سیاسەتەکانی حزبی فەرمانڕەوا بۆ نەهێشتنی جیاوازییەکانی نێوان شارەکان و ناوچە لاوەکییەکان. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژە دێت کە کیم لە ساڵی 2024 ڕایگەیاندبوو بۆ دروستکردنی کارگەی نوێ لە 20 شارۆچکەدا لە هەر ساڵێکدا و بۆ ماوەی 10 ساڵ، بە ئامانجی پێشخستنی ژێرخانی خۆبژێویی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری وڵاتدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.