وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، بۆ کارئاسانیی 50 هەزار هاوبەشی پڕۆژەی ڕووناکی، بڕی 20 ملیار دیناری پسوولەی کەڵەکەبووی مانگانەی گواستووەتەوە بۆ سەر قەرزی کۆن بە مەبەستی سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50% و تا کاتژمێر 12ـی شەوی ئەمڕۆش دەرفەتی دانەوەی پارەکە هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بۆ ئەوەی (50,000) هاوبەشی پڕۆژەی ڕووناکی سوود لە داشکاندنی 50% وەربگرن، پارەی پسوولەی مانگانەی ڕووناکییان کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە (20) ملیار دینار، وەک بەشێک لە کارئاسانییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی گواستراوەتەوە بۆ سەر قەرزی کۆن.
وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەمڕۆ سەیری هەژماری خۆیان لە (ئی-پسوولە) بکەن، ئەگەر قەرزی کۆن جارێکی تر لە هەژمارەکەیاندا دەرکەوتووە، ئەوە مانای ئەوەیە کە پسوولەی مانگانەی ڕووناکییەکەیان گواستراوەتەوە بۆ سەر قەرزی کۆن، تاوەکو وەک هاوبەشێک لە داشکاندنی 50%ـی کارەبا سوودمەند بن، لە هەمان کاتیشدا لە ڕێگەی کورتەنامەوە ئەو هاوبەشانە ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەم داشکاندنە دەیانگرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێ کراوە کە ماوەیەکی زۆر بوو پسوولەیان بۆ نەهاتبووەوە و ئێستا پسوولەیەکی کەڵەکەبوویان بۆ دەرچووە تاوەکو بتوانن لەم داشکاندنە سوودمەند بن، هاوکات جەخت کراوەتەوە کە هاوبەشان ئەمڕۆ تا کاتژمێر 12:00ـی شەو کاتیان لەبەردەستدایە بۆ پارەدان و سوودوەرگرتن لە داشکاندنەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.