Erbil 31°C سێشەممە 13 تشرینی یەکەم 15:10

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی 0.3٪ پاشەکشە دەکات

100%

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا، پێشبینیی گەشەی ئابووریی جیهانی بۆ ساڵی 2026 بۆ 3.1% بەرز کردەوە بەهۆی گەشەی کەرتی زیرەکیی دەستکرد لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەڵام هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی جەنگ و قەیرانی وزە لەسەر وڵاتانی کەمداهات.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی کۆبوونەوە ساڵانەییەکانی سندوقی دراو و بانکی نێودەوڵەتی لە بانکۆک، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) لە ڕاپۆرتی "ئاسۆی ئابووریی جیهان"ـدا پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان لە ساڵی (2026) بۆ 3.1% بەرز کردەوە کە بە ڕێژەی 0.1 خاڵی سەدی زیاترە لە خەمڵاندنەکانی پێشووی، لە کاتێکدا ساڵی 2025 گەشەکە 3.5% بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، جیاوازیی گەشەی ئابووری بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوەیە: جەنگی ئەمەریکا دژ بە ئێران کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دروستبوونی گوشار لەسەر وڵاتانی هاوردەکار، لە بەرامبەریشدا هەڵکشانی وەبەرهێنان لە بواری زیرەکیی دەستکرد کە پاڵپشتیی ئابووریی وڵاتانی پێشکەوتووی کردووە، هاوکات هۆشداری دراوە لە فراوانبوونی کەلێنی نێوان وڵاتانی سوودمەند لە زیرەکیی دەستکرد و وڵاتانی کەمداهات کە بەدەست قەیرانی دابینکردن و بەرزبوونەوەی تێچووی وزەوە دەناڵێنن.

سندوقی دراو پێشبینی دەکات لە ساڵی (2026) ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بە ڕێژەی 0.3% گرژبوون و پاشەکشە بەخۆوە ببینێت بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ و تێکچوونی کەرتی وزە و گواستنەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت گەشەی وڵاتە پێشکەوتووەکان 2.1% بێت، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بەستراونەتەوە بە زنجیرەی دابینکردنی زیرەکیی دەستکرد وەک تایوان و کۆریای باشوور، لە کاتێکدا گەشەی ئابووریی چین وەک دووەم گەورە ئابووریی جیهان، بەهۆی لاوازیی خواستی ناوخۆیییەوە خاو دەبێتەوە.

سەبارەت بە نرخەکانیش، پێشبینی دەکرێت هەڵاوسانی جیهانی لە ساڵی (2026) بگاتە 4.7%، هاوکات بەهۆی بەرزبوونەوەی قەرزە گشتییەکانەوە، سندوقی دراو داوای لە حکوومەتەکان کرد خەرجییەکان سنووردار بکەن و قەرز بە وریاییەوە وەربگرن، بەتایبەت کە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەهۆی تێچووی بەرزی وزەوە ڕووبەڕووی قورسترین ئەرک بوونەتەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، دینیز ئیگان، سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەکانی ئابووریی جیهان لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، توانای خۆڕاگریی ئابووریی جیهان بەرەو تەواوبوون دەچێت و قۆناغی داهاتوو پێویستی بەوەیە لە خۆڕاگریی بەرامبەر شۆکەکانەوە هەنگاو بەرەو بنیاتنانەوەی یەدەگی دارایی و بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنان بنرێت.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.