دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەردەوامیی بۆنی ناخۆشی دەم سەرباری شوشتنی بەردەوام، نیشانەی کۆمەڵێک گرفتی تەندروستییە وەک هەوکردنی پووک و ترشەڵۆکی گەدە و پێویستە لە کاتی درێژەکێشانیدا سەردانی پزیشکی ددان بکرێت.
شارەزایانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک کەس سەرەڕای شوشتنی بەردەوامی ددانەکانیان، بەدەست بۆنی ناخۆشی دەمەوە دەناڵێنن، لە هۆکارە سەرەکییەکانیش: هەوکردنی پووک، کۆبوونەوەی بەکتریا لەسەر زمان و نێوان ددانەکان، و وشکبوونەوەی دەمە کە دەبێتە هۆی زۆربوونی بەکتریا، هەروەها ئەم کێشەیە پەیوەندی بە هەوکردنی لەوزەتێن و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەوە هەیە.
دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا (NHS) ئامۆژگاری دەدات کە ئەگەر بۆنەکە بۆ ماوەی چەندین هەفتە بەردەوام بوو، بەتایبەت ئەگەر خوێنبەربوون، ئاوسانی پووک یان ئازاری ددانی لەگەڵدا بوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، هاوکات ڕێنمایی دەدات کە ددان و پووک ڕۆژانە دوو جار بۆ ماوەی دوو خولەک بە هەویری فلۆراید بشۆردرێت و نێوان ددانەکانیش بە داو یان فڵچەی تایبەت خاوێن بکرێنەوە.
لە ڕێنماییەکاندا هاتووە کە پاککردنەوەی نەرمی زمان ڕۆژانە یەک جارو دەرهێنانی ددانی دەستکرد لە کاتی خەودا پێویستە، هەروەها بنێشتی بێ شەکر، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و کەمکردنەوەی خواردنەوەی کحول هۆکار دەبن بۆ کەمکردنەوەی بۆنەکە.
لە کۆتاییدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە شوشتنی دەم بە گیراوەکان (غەسول) تەنیا بۆنەکە دەشارێتەوە نەک سەرچاوەی کێشەکە، چونکە ڕەنگە چارەسەری کلۆربوون یان هەوکردنی پووکی بوێت، بۆیە سەردانی پزیشکی ددان هەنگاوی سەرەکییە لە جیاتی پەنابردن بۆ بەکارهێنانی دەرمانی دژەزیندەیی (ئەنتی بایۆتیک) یان نەشتەرگەری بەبێ دەستنیشانکردنی دروست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.