ماڵپەڕی چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکانی "فڵایت ڕادار 24" ڕایگەیاند، داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز بۆ 24 کاتژمێری دیکە درێژ کراوەتەوە و بەهۆی لێکەوتەکانی هێرشەکەی حووسییەکان زیاتر لە 500 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ماڵپەڕی چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکانی (Flightradar24) بڵاوی کردەوە: بەپێی ئاگادارییەکی نوێی فڕۆکەوانی (NOTAM) کە ئەمڕۆ دەرچووە، داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە بۆ 24 کاتژمێری دیکە درێژ کراوەتەوە و چالاکییەکانی گەشتی ئاسمانی لەم فڕۆکەخانەیە بە ڕاگیراوی دەمێننەوە.
ئەم بڕیارە دوای هێرشە مووشەکییەکانی چەکدارانی حووسیی سەر بە ئێران بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز دێت، کە بە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگییەکی بەربڵاو لە هاتوچۆی ئاسمانیی سعوودیەدا؛ بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "زە ناشناڵ"، زانیارییەکانی فڵایت ڕادار 24 ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە (500) گەشتی هاتوو و ڕۆیشتووی فڕۆکەخانەی ڕیاز لە ڕۆژی دووشەممەدا هەڵوەشێنراونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی (ئیمارات، فلای دوبەی، ئیتیحاد و ئێر عەرەبیا) بەشێک لە گەشتەکانی خۆیان بۆ ڕیاز و بەپێچەوانەشەوە هەڵوەشاندووەتەوە، بەپێی تازەترین ئاگادارییش، سنووردارکردنی چالاکیی فڕۆکەخانەکە تا کۆتایی ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام کاتی دیاریکراوی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان هێشتا ڕوون نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.