گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لایەنێک نییە لە جەنگی ناوچەکە بەڵام ئابوورییەکەی تووشی گەمارۆی ناڕاستەوخۆ بووە، هاوکات دەنگۆی دروستکردنی "وەزارەتی زیرەکیی دەستکرد"ـی ڕەتکردەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: عێراق بە هیچ شێوەیەک لایەنێک نییە لەو جەنگەی ئێستا ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئابووریی عێراق بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە ڕووبەڕووی گوشار و گەمارۆی ناڕاستەوخۆ بووەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی دارایی وڵات، گوتەبێژی حکوومەت گوتی: "عێراق وڵاتێکی بێ پارە و مایەپووچ نییە و خاوەن سامانی نەوتیی زۆرە، بەڵام ئێستا بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاریی سەختدا تێپەڕ دەبێت"، حەیدەر عەبوودی ڕەتیشی کردەوە، هیچ لایەنێک تا ئێستا عێراقی بەخشیبێت بۆ ئەوەی نەوتەکەی بە ئاسانی بگوازێتەوە یان بیفرۆشێت، کە ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دەنگۆی دروستکردنی وەزارەتی نوێ، حەیدەر عەبوودی ڕوونی کردەوە: "تا ئێستا هیچ وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی زیرەکیی دەستکرد بوونی نییە"، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆ هەیە لەسەر پێویستیی دامەزراندنی هەندێک وەزارەتی نوێ، تاوەکو حکوومەت بتوانێت بە باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات و لەگەڵ پێشکەوتنە نوێیەکانی جیهاندا بگونجێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.