بەڕێوەبەری پزیشکیی کلینیکی لە زانکۆی پزیشکیی سامارا ئاشکرای کرد، چارەسەرییەکانی ماڵەوە، وەک چا، هەنگوین، لیمۆ و شیری گەرم، تەنیا نیشانەکانی سەرماخواردن کەم دەکەنەوە و توانای لەناوبردنی ڤایرۆس یان کورتکردنەوەی ماوەی نەخۆشییەکەیان نییە.
بەڕێوەبەری پزیشکیی کلینیکی لە زانکۆی پزیشکیی سامارا ڕوونیکردەوە: هەندێک لە چارەسەرە باوەکانی ناو ماڵ، وەک چای میوە، هەنگوین، لیمۆ و شیری گەرم، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە سووککردنی نیشانەکانی سەرماخواردن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڤایرۆسەکان لەناو نابەن و ماوەی نەخۆشییەکەش کورت ناکەنەوە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، چای سەوز دەتوانێت ئارەقکردنەوە زیاد بکات و بۆ ماوەیەکی کورت پلەی گەرمیی جەستە دابەزێنێت، بەڵام ئارەقکردنەوەی زۆر بەبێ خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، ڕەنگە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە، بۆیە خواردنەوەی ئاو لە کاتی نەخۆشیدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: هەنگوین دەتوانێت ئازاری قوڕگ و کۆکە کەم بکاتەوە، چونکە توێژەکەی پەردەی ناو قوڕگ دادەپۆشێت و هەستیاری کەم دەکاتەوە، بەڵام باشترە لەگەڵ ئاوی زۆر گەرم تێکەڵ نەکرێت، هاوکات شیری گەرمیش قوڕگ ئارام دەکاتەوە و لە کەمکردنەوەی کۆکەی وشکدا بەسوودە، سەبارەت بە لیمۆش، بەهۆی بوونی ڤیتامین (C) سەرماخواردن چارەسەر ناکات، بەڵام شلەی ناو دەم زیاد دەکات و یارمەتیی سووککردنی هەندێک نیشانە دەدات.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم ڕێگایانە تەنیا یارمەتیدەری چارەسەرن، ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە توند بن، پێویستە ڕاستەوخۆ پزیشک چارەسەری گونجاو دەستنیشان بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.