Erbil 31°C چوارشەممە 30 ئەیلوول 01:03

دەستەی دەستپاکیی عێراق: 10 کارمەندی نەخۆشخانەیەک لە سەماوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران

100%

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکەیان لە شاری سەماوە، 10 کارمەندی نەخۆشخانەیەک دەستگیرکراون، بە تۆمەتی ئەنجامدانی یارییکردن بە پسوولەی پارەوەرگرتن و دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی پارەی نەخۆشەکان.

تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی موسەننا دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و پشکنینی دۆسیەکان، دەستیان بەسەر زیاتر لە 1000 دۆسیەی (تەبڵە)ی تایبەت بە نەخۆشەکاندا گرت کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 2024، 2025 و 2026 دەگەڕێتەوە. دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە موسەننا بەپێی ماددەی 315ی یاسای سزادان، فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ ئەو 10 کارمەندە دەرکرد.

لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە نزیکەی 800 دۆسیەی نەخۆش بەبێ بوونی هیچ پسوولەیەکی پارەوەرگرتن بوون، هەروەها نزیکەی 200 دۆسیەی دیکە پسوولەیان پێوە بووە، بەڵام بە ناوی کەسانی دیکەوە تۆمار کراون و پارەی وەرگیراو بە نایاسایی خراوەتە گیرفانی کارمەندەکانەوە.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، کە فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەسەر سەرجەم تۆمەتباراندا جێبەجێ کراوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی دەستەی دەستپاکی دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوە تەندروستییەکان و پاراستنی مافی هاووڵاتیان لەو نەخۆشخانانەی کە خزمەتگوزاریی گشتی پێشکەش دەکەن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.