لە ئەنجامی دوو ڕووداوی جیاوازی تەقەکردن لە هەردوو شاری جۆهانسبێرگ و کەیپ تاون لە باشووری ئەفریقا، لانی کەم 27 کەس کوژران و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە27ـی ئەیلوولی 2026، پۆلیسی باشووری ئەفریقا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە ئەنجامی تەقەکردنی چەند چەکدارێک لە ناو باڕێک لە ڕۆژئاوای شاری جۆهانسبێرگ، 17 کەس کوژران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
پۆلیس ڕوونیکردووەتەوە، چەکدارەکان چەکی ئۆتۆماتیکی (ڕەشاش)ـیان پێبووە، پشکنینیان بۆ بەشێک لە کڕیارەکان کردووە و مۆبایلەکانیان لێسەندوون، دواتریش بە دوو ئۆتۆمبێل شوێنەکەیان جێهێشتووە، ئاماژەی بەوەش داوە کە ڕووداوی تەقەکردنەکە کاتژمێر 7:30ـی ئێوارەی دوێنێ شەممە ڕوویداوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، پۆلیسی ناوخۆیی ڕایگەیاندووە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 1:46ـی خولەک، چەند چەکدارێک چوونەتە ناو شوێنێکی کات بەسەربردن لە ناوچەی "لواندلێ"ـی نزیک شاری کەیپ تاون و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کڕیارەکان کردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی دووەمیشدا 10 کەس کوژراون و 11 کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.