ئەمڕۆ هەینی لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، دوو دراوسێ لەسەر سۆندەی ئاو دەبێتە كێشەیان و شەڕە تەقە دروست دەبێت، لە ئەنجامی رووداوەكە 5 كەس بوونەتە قوربانی.
رووداوەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە ناوچەی ئەبوو شەمع لە شارۆچكەی مەحموودییە سەر بە پارێزگای بەغدا لەنێوان دوو بنەماڵە و دراوسێدا روویداوە.
رووداوكە بەمشێوەیە بووە: دوو دراوسێ لەسەر سۆندەی ئاو دەبێتە كێشە و دەمەقاڵێیان و دواتریش شەڕ لەنێوانیاندا دروست دەبێت، گەنجێكی یەكێك لە دراوسێكان دەچێتە ژوورەوە و چەك دەهێنێت و تەقە دەكات.
لە ئەنجامی رووداوەكە دوو كەس كوژراون و سێ كەسی دیكەش بە سەختی بریندار بوون، قوربانییەكان سەرجەمیان دراوسێی ئەو دوو ماڵەن كە كێشەكەیان دروستكردووە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكە هاتبوونە نێوەندگیرییان.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو كەسەی تەقەی كردووە ڕای كردووە و تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، پۆلیسی ناوچەی كەرخی بەغداش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تەقەكەرەكە و هاوڕییەكی دیكەی دەركردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.