Erbil 31°C ھەینی 25 ئەیلوول 13:43

پەیامی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی لە یادی ریفراندۆمدا

100%

نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی لە یادی 9 ساڵەی ریفراندۆمی گەلی كوردستاندا، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، ئەم رۆژە شكۆدارە وەرچەرخانێکی مێژوویی کاروانی ئازادیخوازیی گەلەکەمان بوو كە تێیدا جەماوەری کوردستان بە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە بڕیاری ئازادانەی خۆیان لە دیاریکردنی چارەنووسیاندا بە شێوازێکی ئاشتییانە و شارستانییانە تۆمار کرد.

نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی لە پەیامەكەدا هەروەها رایگەیاندووە: ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، بەرهەمی بڕیاری ئازایانە و ڕابەرایەتیی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی و هاوئاهەنگی و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بوو. پێکەوە و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینی نیشتمانییەوە توانرا دەنگی ڕەوای گەلی کوردستان بگەینرێتە بەرزترین ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا.

دەقی پەیامەكەی مەلامستەفا بارزانی لە یادی ریفراندۆمدا:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری سەربەرزی کوردستان

کەسوکاری سەربەرز و شکۆداری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی نیشتمان

25ی ئەیلوولی 2017، وەرچەرخانێکی مێژوویی و وێنەیەکی بێوێنەی کاروانی ئازادیخوازیی گەلەکەمان بوو. لەو ڕۆژە شکۆدارەدا، جەماوەری کوردستان بە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە، دەنگی ڕەوا و ڕەسەنی خۆیان بە زۆرینەیەکی یەکلایکەرەوە گەیاندە جیهان و بڕیاری ئازادانەی خۆیان لە دیاریکردنی چارەنووسیاندا بە شێوازێکی ئاشتییانە و شارستانییانە تۆمار کرد.

ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، بەرهەمی بڕیاری ئازایانە و ڕابەرایەتیی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی و هاوئاهەنگی و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بوو. پێکەوە و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینی نیشتمانییەوە توانرا دەنگی ڕەوای گەلی کوردستان بگەینرێتە بەرزترین ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، تەنیا بڕیارێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بەرجەستەکردنی مافێکی سروشتی، یاسایی و مرۆیی گەلێک بوو کە سەدان ساڵە قوربانی دەدات لەپێناو پاراستنی ناسنامە، کەرامەت و ئازادیی خۆیدا. ئەو دەنگە ڕەوایە وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و بڕیارێکی ئیرادەی جەماوەریی نەمر، لە ناخی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لەگەڵ ڕێزگرتنمان لەو ڕۆژە مەزنەدا، جەخت لەسەر پەیامی هەمیشەییی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە پەیامی ئاشتی، پێکەوەژیان، دیالۆگی شارستانییانە و هاوسێیەتییەکی باشە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان و گەلانی ناوچەکە. کوردستان هەمیشە مەڵبەندی ئارامی، پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان و داکۆکیکاری مافی گەلان دەبێت.

پیرۆز بێت ساڵیادی ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان.

سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی

25ی ئەیلوولی 2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.