بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان تیڤی، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی چڕ و درێژخایەنی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجام دا کە تێیدا پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵی 2027 و شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان تاوتوێ کران.
دوای گەڕێکی چڕ لە دانوستان و گفتوگۆکان، هەردوو لا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و چارەسەری پەسەندکراو بۆ زۆربەی ئەو پرسانەی پێشتر وەک ئاڵنگاری لە نێوان هەردوو حکوومەتدا دەبینران.
شاندی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، سەرەڕای گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە، چاوەرێی گەڕانەوەی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت کە لە ئەمەریکایە بۆ واژۆکردنی کۆتایی ڕێککەوتننامەکە. بڕیارە بە گەڕانەوەی وەزیر، ڕێککەوتننامەی کۆتایی سەبارەت بە دیاریکردنی پشکی هەرێم و میتۆدی بەڕێوەبردنی داهاتەکان بە فەرمی واژۆ بکرێت.
ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبینرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی 2027ی عێراقدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.