بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سعوودیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە زنجیرەیەک هۆشداریی بەپەلەی بڵاوکردەوە کە شاری مەککەی پیرۆز و چەند ناوچەیەکی دیکەی وڵاتەکەی دەگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی مەترسیی ئەگەری هێرش.
پلاتفۆرمی نیشتمانیی هۆشداریی پێشوەختە لە سعودیە ڕایگەیاند، هۆشدارییەکی بەپەلە بۆ شاری مەککەی پیرۆز دەرکراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە هەر مەترسییەکی ئەگەری ئاگادار بن. هاوکات هۆشداریی جیاواز بۆ پارێزگای یەنبوو لە کەناراوەکانی دەریای سوور، هەروەها ناوچەکانی تائیف، جددە و تەبووکیش دەرکراوە.
لە نەریتی ئەمنی و بەرگریی شارستانیی سعوودیەدا، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هۆشدارییە بەپەلانە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی هۆشداریی پێشوەختەوە، بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەبوونی هەڕەشەی موشەکی یان هێرشی ئاسمانی.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سعوودیە وردەکاریی زیاتریان لەبارەی سەرچاوەی هەڕەشەکان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە ئاستی بەرزی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر کارێکی نائاسایی و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و سەردانکەرانی شوێنە پیرۆزەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.