Erbil 31°C ھەینی 25 ئەیلوول 09:09

سزای زیندانیکردن بۆ پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق دەرکرا

کوردستان TV
100%

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتاری پێشوو ئەشواق سالم جبوری دەرکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئەیلوول، دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند: دادگا سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەشواق سالم جبوری دەرکردووە، ئەمەش بەپێی ماددەی 19ـی یاسای دەستەی دەستپاکی.

 دادگا بڕیاریداوە ئەشواق سالم جبوری بڕی 2 ملیار و 114 ملیۆن و 820 هەزار دیناری عێراقی، لەگەڵ 2 ملیۆن و 924 هەزار و 100 دۆلاری ئەمریکی بگەڕێنێتەوە کە بەهای ئەو پارە نایاساییەیە بەدەستی هێناوە، لەگەڵ سەپاندنی پێبژاردنێکی دارایی هاوتای ئەو بڕە پارەیە.

هەروەها دادگا سزای 3 ساڵ زیندانیکردنی دیکەی بۆ ناوبراو دەرکردووە بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی ئاشکراکردنی دارایی، بەڵام دادگا بڕیاری داوە سزای قورستر (7 ساڵ زیندانیکردنەکە) جێبەجێ بکرێت.

 دادگا بڕیاری داوە دەست بەسەر تەواوی موڵک و ماڵ و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی ئەو پەرلەمانەدا بگیرێت. هەروەها دەستەی دەستپاکی مافی ئەوەی پێدراوە داوای قەرەبووی زیانەکان بکات دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.

ئەمە دووەمین بڕیاری سزای قورسە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا کە دەستەی دەستپاکی بەرانبەر بە پەرلەمانتارانی پێشوو بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە ڕایدەگەیەنێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.