ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه 9ی ئه‌یلوول، ئه‌ندامانی ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بۆ یەکەمجار له دوای 20 ساڵ، به‌كۆی ده‌نگ بڕیاریان دا دۆسیەی چه‌كی ئەتۆمیی ئێران بداته ده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی ئێران به به‌ڵێنه‌كانی له‌باره‌ی سنوورداركردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئاژانسی هه‌واڵی "ڕۆیته‌رز" بڵاویكردووه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌مرۆ له كاردانه‌وه‌یدا تاران بڕیارەکەی ئاژانسی ئه‌تۆمیی بە توندی سەرکۆنە کرد و بە هه‌ڵوێستێكی دوژمنكارانه و شكستخواردوو وه‌سفی كرد.
ئاژانسی رۆیتەرز ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: لە کۆبوونەوەیه‌كی داخراوی ئه‌ندامانی ئاژانسی ئه‌تۆمیی له ڤییه‌ننا، ئەو رەشنووسەی لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە پێشکەش کرابوو، بە دەنگی 23 دەوڵەتی ئەندام له ئاژانسه‌كه پەسەند کرا.
لە کاتێکدا هه‌ر سێ وڵاتی رووسیا، چین و نەیجەر دژی ئه‌و پرۆژه‌یه دەنگیان دا و هەشت دەوڵەتیش لە دەنگدان بێلایەن بوون.
بڕیار وایه له ڕۆژانی داهاتوودا پڕۆژه بریاره‌كه له ڕێگه‌ی سكرتێری گشتیی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمیی پێشكه‌شی ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕای گشتیی جیهانی له‌سه‌ر دروست بكرێت كه ئێران پابه‌ند نابێت به سنوورداركردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مه‌به‌ستی دروستكردنی چه‌كیی ئه‌تۆمی.
گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێوشوێنه ئاستی گرژییه سیاسیی و دیپلۆماسییه‌كان له‌نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر ده‌كات له داهاتوودا، ڕه‌نگه ئێرانیش به فشاری ئابووری و گلدانه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی و ڕێگرییكردنی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا وه‌ڵام بداته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.