سکرتاریەتی سەرۆک بارزانی سوپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە و سوپاسی ئەو لایانانە دەکات کە 16ـی ئابیان پیرۆز کرد، لە سوپاسنامەکەدا هاتووە کە سەرۆک بارزانی هیواخوازە ئەو بۆنەیە دەرفەتێكی نوێ بێت بۆ بەهێزكردنی گیانی تەبایی و برایەتی و هەوڵدانی هەموو لایەک بۆ پاراستنی بەرژەوەوندی و بەها باڵاكانی گەلی كوردستان.
دەقی سوپاسنامەكەی سكرتاریەتی سەرۆک بارزانی:
بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، وێڕای پیرۆزباییمان لە خەڵكی كوردستان، زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسایەتی و لایەنە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان، عێراق، پارچەكانی تری كوردستان و، هەروەها کەسایەتیی ئایینی، دۆستانی بیانی و دیپلۆماتكاران، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و كەسایەتییە كۆمەڵایەتی و سەرۆكهۆزەكانی عێراق و كوردستان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ئاكادیمیسیەن، ڕۆشنبیر و نووسەران، ڕاگەیاندن و میدیاكاران و تەواوی ئەو خۆشەویستانە دەكەین، چ لەناوخۆی كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان و عێراق و وڵاتانی تر، كە لە ڕێی ناردنی پەیام و پێوەندیی تەلەفۆنی و ڕاگەیێندراو و وتار و نووسیندا، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆکەوە، پیرۆزباییان ئاراستەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی كردووە.
جەنابی سەرۆك پێزانینی بۆ ڕووحیەتی برایەتی و دۆستایەتی و هاوسۆزییان هەیە، هیواخوازە ئەو بۆنەیە دەرفەتێكی نوێ بێت بۆ بەهێزكردنی گیانی تەبایی و برایەتی و هەوڵدانی هەموو لایەك بۆ پاراستنی بەرژەوەوندی و بەها باڵاكانی گەلی كوردستان.
هیوای خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان و هەموو عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە و جیهان دەخوازین.
پارتی دیموكراتی كوردستان
سكرتاریەتی سەرۆک
18ی ئابی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.