Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 16:23

ناتۆ وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران دەداتەوە: سیستەمی بەرگریمان بەهێز و کاریگەرە

100%

هاوپەیمانێتیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانە دەداتەوە کە باس لە پلانەکانی ئێران دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هاوپەیمانێتییەکە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.

بەرپرسێکی ناتۆ بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاند: "هاوپەیمانێتییەکەمان لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و هەمیشە ڕێکاری پێویست دەگرینە بەر بۆ پاراستنی هەموو وڵاتانی ئەندام." ئەو بەرپرسە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ پێشتر لە 4 کاتی جیاوازدا توانیویەتی ڕێگری لە مووشەکی بالیستی بکات کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی تورکیا ئاراستە کرابوون.

ئەم وەڵامدانەوەیەی ناتۆ دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، تاران تاوتوێی بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دەکات، ئەگەر بێتو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری پەرەپێدانی جەنگ بدات. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی فراوانکردنی مەودای ململانێکانەوە، تێچووی جەنگ لەسەر واشنتن قورس بکات.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئێرانییەکان ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا تاوتوێ کردووە، بەتایبەتی لە بولگاریا و قوبرس. ئەمە لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو بولگاریا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانی "بیزمێر" بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە ئەمریکییەکان.

هاوکات، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە جیا لە ئەوروپا، ئێران ئەگەری پچڕاندنی کێبڵە دەریاییەکانی گواستنەوەی زانیاری (Fiber Optic) لە گەرووی هورمز وەک کاردانەوەیەک لە ئەگەری توندبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان لێکدەداتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.