سیراجەدین حەقانی، وەزیری ناوخۆی تاڵیبان، دانی بەوەدا نا کە یادی گەڕانەوەی گرووپەکەیان بۆ سەر دەسەڵات لە 15ی ئابدا لەلایەن خەڵکەوە قبوڵ نەکراوە، بە پێچەوانەی ڕۆژی سەربەخۆیی مێژوویی وڵاتەکە کە هەموویان پێی دڵخۆشن.
حەقانی لە میانی مەراسیمی یادی 107 ساڵەی سەربەخۆیی ئەفغانستاندا ئاماژەی بەوە کرد کە هاووڵاتییان ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان لە بەریتانیا و هەروەها شکستی سوپای سۆڤیەت وەک ڕۆژی ئازادی دەبینن، بەڵام تا ئێستا کەس ئامادە نییە ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی کابول لەلایەن تاڵیبانەوە وەک جەژن یان ڕۆژی ئازادی قبوڵ بکات.
وەزیرەکەی تاڵیبان ڕایگەیاند کە ڕەنگە لە داهاتوودا و کاتێک ئەوان و نەوەکانی ئێستای سەرکردایەتییان لە ژیاندا نەمان، خەڵکی بایەخ بە ڕۆژی 15ی ئادار بدەن و وەک ڕۆژێکی نیشتمانی یادی بکەنەوە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی تاڵیبان هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ شەرعییەت دان بەو ڕۆژەی کە تێیدا کۆنترۆڵی تەواوی ئەفغانستانیان کردەوە، بەڵام ڕووبەڕووی ساردیی خەڵک و ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بوونەتەوە.
(15ی ئابی 2021) هاوکاتە لەگەڵ کەوتنی کابول و گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات دوای کشانەوەی کتوپڕی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. لە بەرامبەردا، (19ی ئابی 1919) یادی واژۆکردنی پەیماننامەی ڕاوەڵپیندییە کە تێیدا ئەفغانستان سەربەخۆیی تەواوەتی لەژێر کاریگەریی بەریتانیا بەدەستهێنا و ساڵانە لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە وەک جەژنێکی نیشتمانی گەورە یادی دەکرێتەوە. لە کاتێکدا تاڵیبان هەوڵ دەدات مێژووی نوێی وڵاتەکە بەو شێوەیە دابڕێژێتەوە کە خۆی دەوێت، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری ئەفغانییەکان ئەو ڕۆژە وەک دەستپێکی قۆناغێکی سەخت و پڕ لە کۆتوبەند دەبینن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.