Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 20:45

6 گۆڕانکاریی سادە لە شێوازی ژیاندا دەتوانێت 14 ساڵ تەمەن درێژ بکات

100%

پسپۆڕێکی بواری خۆراک ئاشکرای دەکات کە ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەکی سادە لە شێوازی ژیاندا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە زیادکردنی تەمەنی مرۆڤ. بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، پابەندبوون بە 6 فاکتەری بنەڕەتییەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە زیادبوونی نزیکەی 14 ساڵ بۆ تەمەنی چاوەڕوانکراوی مرۆڤ هەیە.

دکتۆر فیدیریکا ئاماتی سەرۆکی بەشی خۆراک لە Imperial College London ڕایگەیاند، ئەوەی بە پزیشکیی شێوازی ژیان دەناسرێت، دەکرێت هاوشانی دەرمان و نەشتەرگەری ڕۆڵێکی گرنگ لە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا بگێڕێت. ئەم ڕێچکەیە لەسەر 6 کۆڵەکەی سەرەکی وەستاوە کە ئەمانەن: (خۆراک، چالاکیی جەستەیی، خەوی باش، بەڕێوەبردنی فشار، دوورکەوتنەوە لە ماددە زیانبەخشەکان و پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان).

توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤەرد دکتۆر ئاماتی ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی زانکۆی Harvard کردووە کە تێیدا چاودێریی 123,000 کەس بۆ ماوەی 34 ساڵ کراوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی لە تەمەنی 50 ساڵییەوە 5 جۆر لەم ڕەفتارە تەندروستانەیان پەیڕەو کردووە، تەمەنیان بە بڕی 14 ساڵ بۆ ژنان و 12.2 ساڵ بۆ پیاوان درێژتر بووە بەراورد بەوانەی هیچ کام لەو هۆکارانەیان پەیڕەو نەکردووە.

کلیلێکی سەرەکی ئەم پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستمی خۆراک یەکێکە لە گرنگترین توخمەکان. ئاماژە بەوە دەکات کە پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست (Mediterranean diet) کە دەوڵەمەندە بە میوە، سەوزە، پاقلەمەنییەکان و چەرەسات، کاریگەریی گەورەی هەیە. بەپێی مۆدێلە زانستییەکان، پەیڕەوکردنی ئەم سیستمە لە تەمەنی 40 ساڵییەوە دەکرێت 10 بۆ 11 ساڵ تەمەن درێژ بکات، تەنانەت ئەگەر لە تەمەنی 70 ساڵیشەوە دەست پێ بکات، دەکرێت 6 ساڵ تەمەن زیاد بکات.

پێویستییە خۆراکییەکان لە تەمەنی پیریدا دکتۆر ئاماتی ڕوونی دەکاتەوە کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، توانای جەستە بۆ سوودوەرگرتن لە توخمە خۆراکییەکان دەگۆڕێت. بۆیە گرنگە کەسانی بەتەمەن گرنگییەکی تایبەت بە پڕۆتین بدەن، بە جۆرێک بڕی پێویست لە نێوان 0.83 تا 1 گرام پڕۆتین بێت بۆ هەر کیلۆگرامێکی کێشی جەستە. هەروەها جەختی لە گرنگیی شێدارکردنەوەی جەستە و خواردنەوەی ئاو کردەوە بۆ ڕێگری لە وشکبوونەوە کە لە تەمەنی پیریدا کاریگەرییەکانی توندتر دەبن.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.