لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاووڵاتییەک لە ڕووباری کاولۆکان لە کاتی مەلەکردندا خنکا و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 14ـی ئاب، کاتژمێر 4:42 دوای نێوەڕۆ ئاگادارکراونەتەوە لە هەبوونی حاڵەتێکی خنکانی هاووڵاتییەک لە ڕووباری کاولۆکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەستبەجێ بەسەرپەرشتی عەقیدی پۆلیس کـــاروان میـراودەلی، بەرێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران و بەشێک لە ئەفسەران، تیمی پاراستنی رووباری سۆران، تیمی ڕزگارکردن، تیمی بنکەی رواندز و تیمی بنکەی سۆران گەیشتنە شوێنی مەبەست.
بەرگریی شارستانیی سۆران ڕوونی کردووەتەوە، دوای گەڕان و پشکنین، تیمەکان توانیویانە تەرمی قوربانییەکە لە ڕووبارەکە دەربهێنن و ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆرانی بکەن.
بەپێی زایارییەکان، ئەو هاووڵاتییە، گەنجێکی تەمەن 26 ساڵانە بە ناوی (عەبدوڵا یونس)، دانیشتووی قەزای ڕواندزە و لەگەڵ هاوڕێکانیدا بۆ مەلەکردن چووەتە ناو ڕووباری کاولۆکان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کردووە کە ئەمه دەبێتە نۆیەمین حاڵەتی خنکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەم ساڵدا، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن، تاوەکو لە حاڵەتی مەترسیدار و خنکانی خۆیان و خانەوادەکانیان دوور بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.