بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەربازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشكرای دەكات كە ئەمڕۆ سێشەمممە هێرشكراوەتە سەر خاڵێكی سەربازی لە قامیشلۆ و بەهۆیەوە 2 سەرباز کوژران.
پەیامنێری (کوردستان تیڤی) لە سووریا، لە زاری هلزەوار میتانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەربازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵات گواستییەوە: خاڵێکی سەربازیی لیوای قامیشلۆ ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەتەوە.
بەگوێرەی لێدوانی ئەو بەرپرسە سەربازییە، هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی دەرچوو لە یاسا کراوەتە سەر خاڵێکی هێزەکانیان لە گوندی (تەویل حەرب) لە دەوروبەری قامیشلۆ.
لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان سەربازەكان و گرووپە لە یاسا دەرچووەكان، 2 سەربازی لیوای قامیشلۆ کوژران و 2 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
هلزەوار میتانی ئاماژەی بەوەش کردووە، سەربازان توانیویانە وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە و پەلامارەکە تێکبشکێنن، لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە پڕۆسەی گەڕان و ڕاوەدوونانی چەكدارەكان کردووە، بە مەبەستی دەستگیرکردنیان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.