Erbil 31°C یەکشەممە 09 ئاب 21:02

لە دهۆک چەند بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزینی حکوومی دران

100%

قایمقامیەتی دهۆک سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی حکوومەتی کردە دیجیتاڵی و چەند بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی سەرەی بەنزینخانەکان دەرکرد.

بەهۆی بارودۆخی ئێستای بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان، لە تەلاری قایمقامیەتی قەزای دهۆک، بە سەرپەرشتیی (بریندار حەیدەر) قایمقامی قەزای دهۆک و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا و ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

1- دیجیتاڵکردنی سەرەی وەرگرتنی بەنزین بۆ هەبوونی شەفافییەت و دادپەروەریی زیاتر لە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی میریدا (حکوومی)، بە جۆرێک کە هەر ئۆتۆمبێلێکی کرێ (تەکسی) سێ ڕۆژ جارێک مافی وەرگرتنی بەنزینی میریی هەبێت و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەش پێنج ڕۆژ جارێک ئەم مافەیان هەبێت.

2- لە کاتی دابەشکردنی بەنزینی میریدا، نابێت هیچ جۆرە بەرهەمێکی دیکەی سووتەمەنی لەو بەنزینخانەیەدا بفرۆشرێت (بە شێوازی بازرگانی یان هاوبەشی).

3- قەدەغەکردنی دانانی هەر جۆرە کەرەستەیەک لەسەر شەقامەکان بە مەبەستی سەرەگرتن.

4- سەرجەم دەزگا فەرمی و ئەمنییەکان هاوکار دەبن بۆ ڕێکخستنی دابەشکردنی بەنزینی میری.

5- داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و شۆفێرانی خۆشەویست دەکەین هاوکار و پابەندی ڕێنمایییەکانی پرۆسەی دابەشکردنەکە بن و لە کاتی ڕوودانی هەر سەرپێچییەکدا دەتوانن لە ڕێگەی ژمارەی تایبەت بە سکاڵاکانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، کە ژمارەیەکی فەرمییە و لە سەرجەم بەنزینخانەکانی دهۆکدا هەڵواسراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بەنزینخانەکانی دهۆک سەرجەم بڕیارەکان خرانە بواری جێبەجێکردنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.