وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office) ئاشکرای کرد کە هاووڵاتییان دەتوانن بە شێوەیەکی "نادیار" و بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەیان، چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن. ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەی تەرخانکردنی سندوقی تایبەت و ئۆتۆمبێلی گەڕۆکەوە ئەنجام دەدرێت کە لە شوێنە جیاجیاکانی وڵاتدا جێگیر کراون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەوەتەی مانگی تەممووزی 2025ەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 15,000 چەقۆ و چەکی جۆراوجۆری هێرشبەر لە لایەن هاووڵاتییانەوە ڕادەست کراون. ئەم هەڵمەتە کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بودجەی بۆ تەرخان کراوە، ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئاستی تاوان و دوورخستنەوەی چەکی مەترسیدارە لە دەستی خەڵک.
چاودێرانی ئەمنی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە دەسپێشخەرییانە یارمەتیدەرن بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان لە چەکی نایاسایی، بەبێ ئەوەی هاوڵاتیان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە. وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی ئاسانکارییەکان تاوەکو زۆرترین کەس بتوانن بەشدار بن لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.