Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 16:52

پاکستان شاندێکی باڵای سیاسی و سەربازی ڕەوانەی سعوودییە دەکات

100%

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ی ئابی 2026)، ڕایگەیاند کە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیران و جەنەراڵ عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، سەردانێکی فەرمی بۆ شانشینی سعوودیە ئەنجام دەدەن، کە لە ئەمڕۆوە تاوەکو ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی پاکستان وەک ناوبژیوانێکی سەرەکی دەردەکەوێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی نێوان ئەمریکا و ئێران کە تەواوی ناوچەی کەنداو و وڵاتی سعوودیەشی گرتووەتەوە. تاهیر ئەندەرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "هەرچەندە ئەم سەردانە لە کاتی بەرزبوونەوەی توندی بارگرژییەکان لە کەنداودا ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕەهەند و ئاماژەی گرنگی تێدایە کە سەرووی قەیرانی ئێستا و لێکدانەوە کورتخایەنەکانە."


بەشداربوونی فەرماندەی سوپای پاکستان لەم وەفدەدا، نیشانەی بایەخی لایەنی ئەمنی و سەربازیی سەردانەکەیە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئیسلام ئاباد دەیەوێت لە ڕێگەی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ڕیاز و تاران، میکانیزمێکی خێرا بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە گەرووی هورمز و دەریای سووردا بدۆزێتەوە، تاوەکو ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی جەنگ بکات.


سەردانی شاندە باڵاکەی پاکستان تەنها چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانە گەشبینانەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت، کە تێیدا ئاماژەی بە پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا کردبوو. پێشبینی دەکرێت سەرۆک وەزیرانی پاکستان و فەرماندەی سوپا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە گفتوگۆ لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان و چۆنیەتی هێورکردنەوەی تاران بکەن، تاوەکو ناوچەکە لە مەترسیی پێکدادانی گەورەتر دوور بکەوێتەوە.

پاکستان وەک وڵاتێکی خاوەن هێزی ئەتۆمی و هاوپەیمانی ستراتیژیی سعوودیە، هەمیشە دەورێکی باڵای لە پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێڕاوە، و ئەم سەردانە نوێیەش وەک دوایین هەوڵی دیپلۆماسیی وڵاتەکە دەبینرێت بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی سەربازی لە ناوچەکەدا.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.