Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 15:10

وردەکاریی نوێی کارەساتێکی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و لەناوچوونی دایناسۆرەکان

100%

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری  Journal of Geophysical Research Biogeosciences بڵاوکراوەتەوە، پەردە لەسەر وردەکاریی توندتر لادەبات سەبارەت بەو کارەساتە سروشتییەی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بووە هۆی لەناوچوونی دایناسۆرەکان. توێژینەوەکە دەری دەخات کە دوای کێشانی نەیزەکی تشیکسلوب بە زەویدا، گەردەلولێکی ئاگرینی بێوێنە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا زۆربەی دایناسۆرەکانی لەناو بردووە.

پێشتر زانایان پێیان وابوو کە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی پێکدادانەکە تەنها لە ناوچەی کێشانی نەیزەکەکەدا بووە، و هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونی جیهانیی دایناسۆرەکان بۆ زستانی ئەتۆمی دەگەڕایەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی تۆز و خۆڵ و گرتنی تیشکی خۆر دروست ببوو. بەڵام زانایانی زانکۆی پیردیو (Purdue University) لە ڕێگەی شیکاریی نوێوە بۆیان دەرکەوتووە کە بڕی ئەو بەردانەی لە کاتی پێکدادانەکەدا بوونەتە هەڵم، 5 جار زیاتر بووە لەوەی پێشتر مەزەندە دەکرا.

براندۆن جۆنسن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ڕایگەیاند: کاتێک نەیزەکەکە بەر زەوی کەوتووە، زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر سێجا بەرد تەنها لە ماوەی یەک چرکەدا بووەتە هەڵم و بەرزبووەتەوە بۆ دەرەوەی بەرگەهەوا.

بارانێکی کوشندە و سووتانی جیهانی بەپێی توێژینەوەکە، ئەو بەردە هەڵمبووانە دواتر چڕبوونەتەوە و گۆڕاون بۆ ملیارەها تەنۆکەی وردی شووشەیی و کانزایی (Spherules).کاتێک ئەم تەنۆکانە بەهۆی کێشکردنی زەوییەوە دووبارە گەڕاونەتەوە ناو بەرگەهەوا، لێکخشانی توندیان دروستکردووە و بوونەتە هۆی بەرهەمهێنانی تیشکێکی گەرمیی یەکجار بەهێز. ئەم شەپۆلە گەرمییە کە نزیکەی 1 کاتژمێر بەردەوام بووە، 17 جار لەو بڕە زیاتر بووە کە بۆ کوشتنی مرۆڤ بە ڕێژەی 100% پێویستە، ئەمەش بووەتە هۆی سووتانی ڕووەکەکان و گیانلەبەرەکان لە هەموو جیهاندا.

پڕۆفیسۆر کریگ ئۆنیڵ لە زانکۆی کوینزلاند بۆ تەکنەلۆژیا، دیمەنەکە بەوە ناو دەبات کە ڕووی زەوی بۆ ماوەیەکی کورت بووەتە گەورەترین مەقەڵی لە مێژوودا. زستانی ئەتۆمی و تێکچوونی ژینگەیی سەرەڕای ئەم دۆزینەوە نوێیانە، تیۆری زستانی ئەتۆمی وەک خۆی دەمێنێتەوە. دوای بارانە ئاگرینەکە، نزیکەی 1.6 تریلیۆن تەن لە گەرد و تۆز بەرگەهەوای زەوییان گرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی نەمانی تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی درێژ و پەککەوتنی پڕۆسەی ڕۆشنەپێکهاتن (Photosynthesis)، کە دواجار بووە هۆی لەناوچوونی ژیانی دەریاییش.

زانایان جەخت دەکەنەوە کە لەناوچوونی بەکۆمەڵی دایناسۆرەکان تەنها یەک ڕووداو نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەک کارەساتی یەک لە دوای یەک بووە کە لە بارانێکی ئاگرینەوە دەستی پێکردووە و بە زستانێکی ساردی درێژخایەن کۆتایی هاتووە.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.