ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئاییندە و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا، بە شێوەیەکی کتوپڕ کشانەوەی خۆی لە تەواوی کارە سیاسییە حزبییەکان و کۆتاییهاتنی چالاکییەکانی پارتەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو دۆخەی کە بە گەندەڵی سیاسی لە وڵاتەکەیدا وەسفی کرد.
داودئۆغڵو لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە بڕیاری داوە بە تەواوی لە کایەی حزبایەتی دوور بکەوێتەوە و چیتر (پارتی ئاییندە) هیچ چالاکییەکی سیاسی ئەنجام نادات. ناوبراو ڕەخنەی توندی لە کەشوهەوای سیاسیی ئێستای تورکیا گرت و ڕایگەیاند: نایەوێت ببێتە بەشێک لەو ژینگە سیاسییە گەندەڵەی کە لە تورکیادا دروستبووە.
ئەم هەنگاوەی داودئۆغڵو بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا دادەنرێت. داودئۆغڵو کە پێشتر یەکێک بوو لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و وەک وەزیری دەرەوە و پاشان سەرۆک وەزیرانی تورکیا خزمەتی کردووە، لە ساڵی 2019 دوای جیابوونەوەی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پارتی ئاییندەی دامەزراند.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە شکستی پارتەکەی لە بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەهێز لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا و ئەو فشارە سیاسییانەی لە ناوخۆی تورکیادا هەن، پاڵنەری سەرەکیی ئەم بڕیارە بوون. داودئۆغڵو بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیستەمی سیاسیی وڵات پێویستی بە چاکسازیی ڕیشەیی هەیە، بەڵام وا دیارە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە لە ڕێگەی کارکردنی حزبییەوە ناتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە بەدی بهێنێت.
ئەم بڕیارە کتوپڕەی داودئۆغڵو کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی کە ئەو وەک یەکێک لە ئەندازیارانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەبینرا. تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئاییندە نەداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.