Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 01:51

ترەمپ: هێرشەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بووە

100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لەناو خاکی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەنجام دراون. هاوکات هۆشداریی دا کە واشنتۆن وانەیەکی توند بە تاران دەدات و ئامادەیە بۆردومانی ناوخۆی ئێران بکات.

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا، کە ئاڕاستەیەکی توندی پێوە دیار بوو، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە "شێرپەنجەی جیهان" وەسف کرد. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئیدارەکەی بە وردی خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی زیاترە بۆ سەر بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، تاوەکو کۆتایی بە هەڕەشەکانیان بهێنێت.

ترەمپ ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک پەرچەکردار بۆ هەر ئامانجگرتنێکی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ خاکی ئێران بۆردومان دەکات. ئەو بە جۆرێک لە تانە لێدانەوە گوتی: ئێمە هێرشەکانمان ئەنجام دەدەین و لێیان دەگەڕێین با ئەوان بەردەوام بن لە قسەکردن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە واشنتۆن چیتر بایەخ بە هەڕەشە زارەکییەکانی تاران نادات و کردار دەخاتە پێش گوفتار.

یەکێک لە خاڵە هەرە جێی سەرنجەکانی لێدوانەکەی ترەمپ، ئاماژەدان بوو بە هەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ئەنجامدانی هێرشەکاندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەوڵ دەدات وڵاتەکەی لە ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران بپارێزێت. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەم لێدوانەی ترەمپ دەبێتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆری سیاسی لە ناوخۆی عێراقدا، بەتایبەتی لەلایەن ئەو لایەنانەی کە نزیکن لە ئێران.

ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ توندبوونەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هورمز و بەردەوامیی جەنگی دەروونی و سەربازی لە ناوچەکەدا. تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەم ئیدیعایەی ترەمپی نەداوەتەوە کە باس لە هەماهەنگیی سەربازی دەکات بۆ لێدانی میلیشیاکان

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.