ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی دەگمەن و دوورمەودادا، چەند کەشتییەکی گواستنەوەیان لە ناو دەریای قەزویندا کردووەتە ئامانج کە باری سەربازیی پەیوەندیدار بە ئێرانیان هەڵگرتبوو.
لە وتارێکی ڤیدیۆییدا، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی ئاشکرای کرد کە سوپای ئۆکرانیا توانیویەتی زانیاریی وردی هەواڵگری بەدەستبهێنێت سەبارەت بە ڕێڕەوێکی گواستنەوەی چەک لە دەریای قەزوین، کە تێیدا کەشتییەکان سەرقاڵی گواستنەوەی بارە سەربازییەکان بوون بۆ بەرژەوەندیی سوپای ڕووسیا. زیلێنسکی جەختی کردەوە کە ئەم کەشتیانە باراوی "بەرگریی ئێرانی"یان هەڵگرتبوو، کە مەبەست لێی ئەو درۆن و مووشەکانەیە کە تاران بۆ مۆسکۆی دابین دەکات تاوەکو لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا بەکاریان بهێنێت.
ئەم هێرشە وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە تواناکانی ئۆکرانیا دەبینرێت، چونکە دەریای قەزوین سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئۆکرایناوە دوورە و ناوچەیەکی پارێزراو هەژمار دەکرا بۆ گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ. چاودێرانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە پێکانی ئامانج لەو دوورییەدا، نیشانەی گەشەکردنی بێوێنەی تەکنەلۆژیای درۆنە دوورمەوداکانی کیێڤە کە دەتوانێت بگاتە قووڵایی ئەو ڕێڕەوانەی کە پێشتر بە "ناوچەی ئارام" بۆ ڕووسیا دەبینران.
سەرۆکی ئۆکراینا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەر لایەنێک هاوکاریی دەستدرێژکار بکات و چەکی بۆ دابین بکات تاوەکو شارەکانمان پێ وێران بکات، دەبێت بزانێت کە کەشتی و کاروانە سەربازییەکانیان پارێزراو نابن." ئەم هۆشدارییەی زیلێنسکی پەیامێکی ڕاشکاوە بۆ تاران، کە کیێڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بەردەوامی تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی درۆنە خۆکوژەکانی جۆری "شاهد" بۆ ڕووسیا.
تاوەکو ئێستا نە تاران و نە مۆسکۆ بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەسەر پێکانی کەشتییەکانیان لە دەریای قەزوین نەداوە. ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە لوتکەدایە، و چوونە ناوەوەی ئۆکرانیا بۆ ناو مەیدانی "دەریای قەزوین" ئاڵۆزییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قووڵتر دەکاتەوە و فشارەکان بۆ سەر تاران زیاتر دەکات کە لە ئێستادا لەژێر گەمارۆیەکی توندی دەریایی ئەمریکادایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.