Erbil 31°C سێشەممە 14 تەمووز 10:14

واشنتن بەگومانە لە زانیاریەکانی مۆساد

Kurdistan Ahmed
100%

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، کە واشنتن بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی ئیسرائیل سەبارەت بە هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، پێشکەشی کردوون. بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە ئەم هەنگاوەی تێلئەڤیڤ زیاتر مەبەستێکی سیاسی لە پشتە نەک هەڕەشەیەکی ئەمنیی بنەڕەتی.


بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە تێلئەڤیڤ بە مەبەست زانیارییەکانی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ژیانی ترەمپ لەگەڵ واشنتن بەش کردووە، وەک هەوڵێک بۆ "گەرمکردنەوەی پەیوەندییە ساردەکانی نێوان بنیامین نەتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ".


کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، کە هەواڵگریی ئەمریکا دوای وردبوونەوە لەو زانیارییانەی لە ئیسرائیلەوە پێیان گەیشتووە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەم زانیارییانە باس لە "پلانێکی ڕێکخراو و داڕێژراو" ناکەن بۆ کردەوەی تیرۆرکردن. بە وتەی بەرپرسە ئەمریکییەکان، ئەو قسانەی تێلئەڤیڤ لەسەر ئاستی هۆشدارییەکی ئەمنیی ڕاستەقینە و مەیدانی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، بەڵکو تەنها وەک زانیارییەکی گشتی وەگیراوە.


هەواڵگریی ئەمریکا ئامادە نەبووە قسەکانی ئیسرائیل وەک "هۆشدارییەکی فەرمی و کردەیی" وەربگرێت. واشنتن مامەڵەی لەگەڵ ئاشکراکردنی پلانەکەی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بەو شێوەیە کردووە کە تەنها "بۆ چاودێریکردن" بێت (For monitoring only)، بەبێ ئەوەی ئاستی پاراستنی ئەمنی یان باری نائاسایی بۆ ئەو مەبەستە ڕابگەیەنێت.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بووەوە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە تائێستا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراویان لەبەردەستدا نییە کە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران یان بوونی پلانێکی دەرەکیی ڕێکخراو لە پشت ئەو ڕووداوانە پشتڕاست بکاتەوە، ئەوەی ئیسرائیلیش بڵاوی دەکاتەوە زیاتر وەک "دیپلۆماسییەکی هەواڵگری" بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی نەتانیاهۆ دەبینرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.