سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی پاسێك بۆ ناو دۆڵێک لە ڕۆژئاوای پاكستان، بەلایەنی کەم 40 کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەنائوڵا شیرانی سەرۆکی ناوەندی فریاکەوتنیی خێرا لە ناوچەی (ژۆب) لەبارەی رووداوەكە ڕایگەیاند: پاسێکی گواستنەوەی هاووڵاتییان کە لە شاری کوێتا بەرەو پێشاوەر بەڕێکەوتبوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی داناسار لایداوە و کەوتووەتە ناو دۆڵێکی قووڵەوە.
گوتیشی: پاسەکە لە بەرزایی نێوان 21 بۆ 24 مەتر کەوتووەتە ناو دۆڵەکەوە. هەروەها ڕوونیشی کردووەتەوە کە بەهۆی ئەوەی ڕووداوەکە لە ناوچەیەکی شاخاوی و سەختدا ڕوویداوە، تیمەکانی فریاکەوتن لە پرۆسەی گەڕان بەدوای قوربانییەكان ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بوونەتەوە.
شیرانی جەختیشی کردەوە کە لە ئەنجامی ڕووداوەكە تا ئێستا گیانلەدەستدانی 40 کەس و برینداربوونی 11 کەسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی فریاكەوتن ئاماژەی بەوەش کرد كە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام باری تەندروستی سێ لەوان لە دۆخێکی مەترسیدادایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.