دوای پێنج ڕۆژ لەو "بوومەلەرزە دووانەییە" وێرانکەرەی ڤەنزوێلای هەژاند، ئومێدەکان بۆ دۆزینەوەی کەسانی زیندوو لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا بەرەو نەمان دەچن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پاشلەرزەیەکی نوێ بە گوڕی 4.6 پلە هەردوو شاری كاراكاس و لا گوایرای هەژاندووەتەوە و ترسی لای دانیشتووان دروست کردووە.
ئامارە ترسناکەکانی کارەساتەکە
خۆرخێ ڕۆدریگێز سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، کە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 1450 کەس بەرزبووەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 774 باڵەخانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، کە 189یان بە تەواوی خاپوور بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان قەبارەی زیانە ماددییەکانی بە 7 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، کە دەکاتە 6%ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.
چیرۆکی ڕزگاربوون لەنێوان نائومێدیدا
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 72 کاتژمێر (کە وەک کاتی زێڕین بۆ ڕزگارکردن دەبینرێت)، تیمە فەرەنسی و ئەمریکییەکان توانییان پیاوێک و کوڕە مێرمنداڵەکەی دوای چوار ڕۆژ مانەوە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک لە شاری "کاراباجیدا" بە زیندوویی دەربهێنن. بەڵام خۆبەخشەکان دەڵێن زۆربەی کات کاتێک دەگەنە قوربانییەکان، تەنها تەرمەکانیان دەدۆزنەوە.
تووڕەیی هاووڵاتیان لە سوپا و حکوومەت
لە ناوچەی "کاراباجیدا" کە گەڕەکەکانی بە تەواوی تەخت بوون، هاووڵاتیان تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە بێدەنگی و کەمتەرخەمیی سەربازەکان دەربڕی. شایەتحاڵەکان دەڵێن جەنەڕاڵێک و 20 سەربازی چەکدار تەنها وەستاون و سەیریان کردووە، تا ئەو کاتەی خەڵکەکە ناچاریان کردوون چەکەکانیان دابنێن و بە مەقەست و بێڵ دەست بکەن بە گەڕان بە دوای قوربانییەکاندا.
هەروەها ڕێکارە ئیدارییەکانی حکومەت بوونەتە جێی ڕەخنە، بە تایبەت دوای ئەوەی مۆڵەتیان بەسەر ئەو خۆبەخشانەدا سەپاندووە کە دەیانەوێت بچنە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی وەک "لا گوایرا". کارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن: "کارەساتە کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان پێویستمان بە مۆڵەتی فەرمی بێت."
هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان
دیلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی ڤەنزوێلا بە وەکالەت (کە وڵاتەکەی لە دوای دەستگیرکردنی مادورۆ لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە، لە دۆخێکی سیاسیی ئاڵۆزدایە)، سوپاسی 24 وڵاتی کرد کە تا ئێستا 520 تەن هاوکاری و 2700 کارمەندی فریاگوزارییان ڕەوانە کردووە. هاوکات چین بڕیاری داوە هاوکاریی مرۆیی بە بەهای 100 ملیۆن یوانی چینی ڕەوانە بکات.
هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکاش لە ئێستادا سەرپەرشتیی هاتوچۆی فڕۆکەخانە و بەندەرەکان دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی خێرای کەلوپەلەکان بۆ لێقەوماوان. ڤەنزوێلا بڕیاری داوە بۆ هەفتەیەکی تریش دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی بهێڵێتەوە تاوەکو بارودۆخەکە کەمێک جێگیر دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.