Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 02:31

ترەمپ: نەتانیاهۆ ئامانجی جیاوازی هەبوو لە شەڕی ئێراندا

Kurdistan Ahmed
100%

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە هەندێک لایەنی شەڕی ئێراندا ئامانجی جیاوازی هەبووە، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵکەوتەی جوگرافیای ئیسرائیل و نزیکییەکەی لە ئێران بەشێک لەو جیاوازییە لە دیدگاکاندا ڕوون دەکاتەوە.

 ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" گوتی، نەتانیاهۆ کەسایەتییەکی ناوازەیە، بەڵام "هەندێک جار زیاد لە پێویست پەلە دەکات و توند دەبێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناکۆکییانەی لە کاتی بەڕێوەبردنی شەڕەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب دەرکەوتوون.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە بە فەرمی واژۆکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانێکدا بوو کە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ڤێرسای بۆی سازکرابوو.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر "هاوبەشییە ناوازەکەی" نێوانیان، نەتانیاهۆی وەک پیاوێکی باش وەسف کرد کە "هەندێک جار کەمێک هەڵدەچێت"، هەروەها ناكۆکییەکانیانی لەسەر پرسی لوبنان تەنها بە "جیاوازییەکی بچووک" ناوبرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکشەممەی ڕابردوو، ترەمپ پەیامێکی زۆر توندی ئاراستەی نەتانیاهۆ کردبوو دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، و نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو لەوەی کە ئەو هێرشە ڕێک پێش کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران ئەنجام دراوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە لەو کردەوە سەربازییە ڕازی نەبووە و کاتەکەی تووڕەی کردووە، و وتبووی: "بۆچی بیبی ئەم هێرشەی کرد؟"، و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە تەقەکانی حیزبوڵڵا هیچ بریندارێکی لێ نەکەوتووەتەوە، بۆیە وەڵامە توندەکەی ئیسرائیل لەو کاتە هەستیارەدا بووەتە هۆی بێزارکردنی.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.