سەرۆک وەزیرانی عێراق و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کردەوە، هاوکات نێردەکەی ئەمریکا بانگهێشتنامەی فەرمیی دۆناڵد ترەمپی گەیاندە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سەردانیکردنی کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتوودا.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی حوزەیران، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و لەبارەی تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، هەردوولا پابەندن بە بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز و سوودبەخش بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش، کە توانای بەدیهێنانی خواستی عێراقییەکانی هەبێت بەرەو داهاتوویەک کە خاوەن سەروەری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی بێت و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو گەلی عێراقی و ئەمریکی دەستەبەر بکات.
هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دیدگای هاوبەش کرد بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و خاڵی لە تیرۆر، لەگەڵ جێبەجێکردنی پلانەکانی عێراق کە ئامانج لێیان داماڵینی تەواوەتیی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرووپ و پێکهاتە چەکدارانەیە کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عێراقدا کار دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە، پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بە جۆرێک کە زامنی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان بکات و ڕێگە نەدات خاکەکەی لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتیی هەرێمی بەکار بهێنرێت.
تۆم باراک پەرۆشیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای گەیاند بۆ پێشوازیکردن لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی داهاتووی ئەم پەیوەندییە گرنگە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەپەلە بۆ بەدیهێنانی تەواوەتیی ئەم ئەنجامە کردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.