لە سنووری ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ، دوو درۆن لە ئاسمانی ناوچەکە تێکشکێندران، بەڕێوەبەری ناحیەکەش ڕایگەیاند، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانێکی کەم بەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندێک کەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی غەفار تەیب، پەیامنێری (کوردستان تیڤی) لە ئاکرێ، ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی حوزەیران، لە کاتژمێر 6:15 خولەکی بەیانی، لە سنووری ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ دوو درۆن لە ئاسمانی دوو گوندی ناوچەکە تێکشکێندراون و خراونەتە خوارەوە، پاشماوەی یەکێک لەو درۆنانە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی (گۆجارێ) و درۆنی دووەمیش لە گوندی (زراڤۆکێ) کەوتوونەتە خوارەوە.
سەبارەت بە ڕووداوەکە، بشار محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل بە کوردستان تیڤی گوت: "خستنەخوارەوەی ئەم درۆنانە هیچ زیانێکی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، تەنیا لە گوندی گۆجارێ بەشێک لە ئاقار و زەوییەکانی گوندەکە ئاگری گرتووە، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.