مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دۆخی ناوخۆیی عێراق، چەند پرسێکی گرنگی وروژاند و ڕایگەیاند کە لایەنە عێراقییەکان خواستی ئەوەیان هەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکاندا بکەنەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و کارەبادا خاوەنی ئەزموونێکی سەرکەوتووە و ئامادەیی هەرێمیشی نیشان دا بۆ هاوکاریکردنی بەغدا و ڕایگەیاند: "ئەزموونێکی سەرکەوتنمان لە بواری کارەبا هەیە و بڕی دوو مێگاوات کارەبا دەدەینە عێراق".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەو فشارانەی دەخرێنە سەر قەوارەی هەرێم و گوتی: "هەوڵێکی جدی هەبوو بۆ ئەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان لاواز بکەن"، جەختیشی کردەوە کە پەنابردن بۆ قسەی نابەرپرسانە هیچ کێشەیەکی خەڵک چارەسەر ناکات و پێویستە بە کردەیی کار بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان بکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و گرووپە چەکدارەکانیش، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند کە بۆ بەرژەوەندی و سەقامگیری وڵات، پێویستە هەمووان پابەندی یاسا بن و ئاماژەی بەوە کرد: "دانانی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە قازانجی عێراقدایە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.