Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 01:51

وردەکاریی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا

کوردستان TV
100%

میدیا جیهانییەکان ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەیەکی نوێی لەنێوان واشنتن و تاران بڵاوکردەوە کە ئامانج لێی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئاڵۆزییەکانە، هاوکات فەرماندەی سوپای پاکستان، عاسم مونیر، دوای دواکەوتنی گەشتەکەی بە ڕۆژێک، ئەمڕۆ هەینی گەیشتە تاران تاوەکو کۆتا هەنگاوەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە مێژووییە تەواو بکات.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان لە ئیسلام ئاباد ئاماژەیان بەوە کردووە کە عاسم مونیر بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی تاران بکات، بەڵام بەهۆی هەندێک ئاستەنگ لە دانوستانەکاندا گەشتەکەی دواکەوت تا ئەو کاتەی "ئەلحەدەس" ئاشکرای کرد کە لێکتێگەیشتنێکی بەرایی هاتووەتە ئاراوە. ئەم ڕێککەوتنە لە ژێر چاودێری و نێوەندگیری پاکستاندا گەڵاڵە کراوە و چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دۆخی ئەمنی ناوچەکەدا دروست بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دزەیان کردووە، ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە:

ڕاگرتنی دەستبەجێ، گشتگیر و بێ مەرجی تەقەکردن لە هەموو بەرەکان.

پابەندبوونی هەردوولا بە نەکردنە ئامانجی ژێرخانی سەربازی، مەدەنی یان ئابووریی یەکتر.

ڕاگرتنی سەرجەم ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕاگەیاندن.

ڕێزگرتن لە سەروەریی خاک و پاراستنی یەکپارچەیی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.

مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە کەنداوی عەرەبی، گەرووی هورمز و دەریای عومان.

دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ چاودێریکردن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە ماوەی 7 ڕۆژدا.

لابردنی قۆناغ بە قۆناغی سزاکانی ئەمریکا بەرامبەر بە پابەندبوونی ئێران بە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە.

ئەم ڕێککەوتنە جەخت لەسەر پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە و بڕیارە هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. چاودێرانی سیاسی ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگێکی وێرانکەر دەبینن، بەتایبەت کە گەرەنتی ئازادیی کەشتیوانی و هەناردەی وزەی تێدا کراوە.

گەشتی فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران نیشانەی ئەوەیە کە لایەنەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە. ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە سەرکەوتوو بێت، ئەوا گەورەترین دەستکەوتی دیپلۆماسی دەبێت لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ هێورکردنەوەی ململانێکانی نێوان واشنتن و تاران، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیری بازاڕەکانی جیهان و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.