Erbil 31°C شەممە 15 ئاب 16:53

لە هەولێر ناوەندێکی زانستی و داتایی بۆ سەرچاوەکانی ئاو و خاک کرایەوە

کوردستان TV
100%

بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاو و خاک و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە هەولێر ناوەندێکی زانستی و داتایی لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی کرایەوە، لەو ناوەندە لە ڕێگەی نەخشەی دیجیتاڵییەوە کار بۆ ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سەرچاوە سروشتییەکان دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە 27ـی نیسان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی ئاودێری و پشتبەستن بە بنەما زانستییەکان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێری کرد و لە میانی سەردانەکەیدا "ناوەندی سەرچاوەکانی ئاو و خاک"ـی لە نێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کردەوە. 

ئەم ناوەندە وەک دەزگایەکی زانستی و داتایی نوێ کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی توێژینەوە ئەکادیمییەکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژی پسپۆڕانە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر.

دوای کردنەوەی ناوەندەکە، کە بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و ئەندازیاران ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر و سەرجەم ئەندازیار و کارمەندانی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە، هەروەها جەختی لەسەر پشتگیری پارێزگا کردەوە بۆ هەر دەسپێشخەرییەک کە خزمەت بە پاراستنی سامانی ئاو و خاک بکات.

ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە، دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی بەهێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە ڕێگەی نەخشەی دیجیتاڵییەوە. بە کردنەوەی ئەم ناوەندە، هەولێر هەنگاوێکی گرنگ دەنێت بەرەو بەدیجیتاڵکردنی زانیارییە ژینگەییەکان و دابینکردنی سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ توێژەران و بڕیاربەدەستان تاوەکو بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە سنوورێک بۆ بەهەدەردانی سەرچاوە سروشتییەکان دابنرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.