ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی غازی ماڵان و ڕێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردن لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا غازی ماڵان لە ڕێگەی "کارتی ئەلیکترۆنی" و لە ڕێگەی بریکارەکانەوە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و گەیشتنی غاز بە یەکسانی بە هەموو ماڵان.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند؛ کار لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکرێت بۆ زیادکردنی پشکی ڕۆژانەی پارێزگای هەولێر لە غازی شل، تاوەکو ئەو قەیران و کورتهێنانەی ئێستا هەیە چارەسەر بکرێت.
هۆشداری درایە هەموو کارگە و بریکارەکان کە پابەندی نرخی حکوومی بن. هەر کەسێک غاز لە نرخی دیاریکراو گرانتر بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.
بڕیاردرا ئاسانکاری تەواو بۆ ئەو خێزانانە بکرێت کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و هێشتا مامەڵەی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراکیان تەواو نەکردووە، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی ناوچەکانی ماددەی 140ن بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە پشکی غاز.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە غاز بەبێ گرفت دەگاتە هەموو گەڕەک و کۆڵانەکان.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.