ئەمڕۆ هەینی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، کە زیاتر لە مانگێکە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە.
کۆشکی کرێملین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەردوو سەرۆک جەختیان لەسەر هاوڕابوونی هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و داڕشتنی ڕێککەوتنی ئاشتی کە بەرژەوەندییە ڕەواکانی هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، پوتین و ئەردۆغان ئاماژەیان بەوە دا کە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکان، پاشکەوتە و عەواقیبی نەرێنیی گەورەی دەبێت، نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و گواستنەوەی کاڵاکاندا.
ئەم داواکارییەی سەرۆکانی ڕووسیا و تورکیا لە کاتێکدایە، کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەردەوامیی شەڕەکە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە و سەقامگیریی نێودەوڵەتی دروست کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.