Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 00:10

لە کاتی پووچەڵکردنەوەی بۆمبێک لە داقووق پۆلیسێکی کورد گیانی لەدەست دا و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون

کوردستان TV
100%

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی داقووقی باشووری پارێزگای کەرکووک، بۆمبێکی چێنراو بە هێزەکانی پۆلیسدا تەقییەوە، بەهۆیەوە پۆلیسێکی کورد گیانی لەدەست دا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕۆژی چوارشەممە 25ـی ئادار، بۆمبێکی چێنراو کە لەناو حاویەکی خۆڵ و خاشاک لەبەردەم ماڵێک لە گەڕەکی زەهرای شارۆچکەی داقووق دانرابوو، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن کارمەندانی شارەوانییەوە، کارمەندانی پۆلیسی فریاکەوتن بە مەبەستی هەڵگرتنەوەی بۆمبە چێنراوەکە هاتوونەتە شوێنەکە و لە کاتی هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی، بۆمبەکەیان پێدا تەقیوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەڵۆ جەباری پەیامنێری (کوردستان تیڤی) لە کەرکووک، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، پۆلیسێکی کورد بە ناوی (مەهدی سەباح) کە کارمەندی گرێبەست بووە لە پۆلیسی داقووق، گیانی لەدەست داوە. هەروەها دوو کارمەندی دیکەی پۆلیس، کارمەندێکی شارەوانی و کەسێکی دیکە کە برای بەرپرسی گرووپێکی چەکداری ناوچەکەیە بریندار بوون. 

پاش ڕووداوەکە، تەرمی پۆلیسە کوردەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کەرکووک کرا، بریندارەکانیش لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان لە نەخۆشخانەی گشتیی داقووق.

لەئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەست پێ کردووە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.