بارەگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە کردنە ئامانجی یەکێک لە پێگەکانی لە شاری بەغدا بڵاوکردەوە و گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی 21ـی ئادار، دەوروبەری بارەگای هەواڵگریی نیشتمانی لە شاری بەغدا، ڕووبەڕووی هێرشێک بووەوە کە لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەکانەوە ئەنجامدرا، بەو هۆیەشەوە ئەفسەرێک کوژرا.
بارەگای هەواڵگری ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هێرشە هەوڵێکی بێهیوایە بە مەبەستی ساردکردنەوەی دەزگاکە لە ئەنجامدانی ئەرکە پیشەییەکانی، بەڵام دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم جۆرە کارانە تەنها پێداگری و سووربوونیان زیاتر دەکات بۆ بەردەوامبوون لە ئەرکە نیشتمانییەکانیان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: جەخت دەکەینەوە لە ڕاوەدوونانی ئەنجامدەران و بەرپرسانی پشت ئەم هێرشە تاوەکو دەستگیردەکرێن و ڕادەستی دادگا دەکرێن بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.