بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چوار ئافرەتی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا و کرێکارێکی بیانی لە ناوەڕاستی ئیسرائیل گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی مانگی سووری فەلەستینی، درەنگانی شەوی چوارشەممە پارچەی موشەک بەر ساڵۆنێکی جوانکاری لە شارۆچکەی "بیت عەوا" لە نزیک خەلیل کەوتووە و لە ئەنجامدا چوار ئافرەت گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 17 ساڵە بە ناوی "مەیس غازی مەسالمە". ئەمەش وەک یەکەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانی فەلەستینییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئێران لە جەنگی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆمارکرا.
هەر لەو هێرشەدا، مانگی سووری فەلەستینی ئاماژەی بەوە کردووە کە 8 کەسی دیکە برینداربوون و باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە، هاوکات میدیاکانی فەلەستین بڵاویانکردەوە کە پارچەی موشەکەکان لە چەندین شوێنی جیاجیای کەرتی ڕۆژئاوا و شاری خەلیل کەوتوونەتە خوارەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل (ماگن دەیڤد ئادۆم) ڕایگەیاند، کرێکارێکی تایلەندی کە لە کەرتی کشتوکاڵدا کاری دەکرد، لە ناوچەی "موشاڤ ئەدانیم" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تەلئەبیب بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی موشەکەوە گیانی لەدەستداوە، کە دواتر وەزارەتی دەرەوەی تایلەند هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە چەندین شەپۆلی موشەکییان لە لایەن ئێرانەوە دەستنیشان کردووە و زەنگی مەترسی لە ناوەڕاست و باکووری ئیسرائیل و نیشتەجێبووەکانی کەرتی ڕۆژئاوا لێدراوە. لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بە موشەک و درۆن ئامانجەکانیان لە ناوخۆی ئیسرائیل پێکاوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.